سەردێڕ:

سێ کاتژمێر لە ئیمراڵی...

PM:02:23:25/11/2025

3960 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی رۆژی هەینی کۆمسیۆنی پرۆسەی ئاشتی لە پەرلەمانی تورکیا بڕیاریدا سەردانی ئیمڕاڵی بکات بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، شاندێکی سێ کەسی دوێنێ رۆژی دووشەممە ٢٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، گەیشتنە ئیمراڵی و بۆ ماوەی سێ کاتژمێر لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە.


ئەندامانی شاندەکە پێکهاتبوون لە سێ کەس، حسێن یامان یاریدەدەری سەرۆکی گشتی ئاکپارتی، فەتی یەڵدز یاریدەدەری سەرۆکی گشتیی مەهەپە و گوڵستان کۆچیغیت کە بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتییە.

کۆبوونەوەکەی نێوان ئۆجەلان و شاندەکە سێ کاتژمێری خایاندووە و تەواوی وردەکارییەکانی دیدارەکە کراوەتە کۆنوسێک و دراوە بە نوعمان کورتوڵموشی سەرۆک پەرلەمان.

سەبارەت بە کۆبوونەوەکە نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی توركیا دەڵێت، كۆبونەوەی شاندەكە لەگەڵ ئۆجەلان ئەرێنی بووە و باس لە چەند پرسێکی گرنگ کراوە لەوانەش، هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەک داماڵینیان لە دوای بانگەوازی گروپی ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک لە ٢٧ـی شوبات، هەروەها وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی تایبەت بە جێبەجێکردنی رێککەوتنی ١٠ـی ئازاری نێوان هەسەدە و حکومەتی نوێی سوریا .

ئەم دیدارە دەرئەنجامی ئەرێنی هەبوو لە بوارەکانی یەکگرتنی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی گیانی برایەتی و پێشخستنی پرۆسەکە بەرەو روانگەیەکی هەرێمایەتی.

هاوکات کاردانەوەی جیاوازیش هەبووە و رای جیاوازی لەسەر هەیە، گوڵستان کۆچیغیت سەبارەت بە سەردانەکە دەڵێت، زۆر ئەرێنی بووە
عەبدولڕەحمان ئاکسۆی کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی دەڤا، بەهۆی بەشدارینەکردنی پارتەکەی لە شاندەکەدا دەستی لە کار کێشایەوە و پارتی دەڤای تۆمەتبار کرد بەوەی خۆیان لە بەرپرسیارێتی دەدزنەوە.
 موساڤات دەرڤیشئۆغڵو، سەرۆکی ئیی پارتی، سەردانەکەی بە ناپاکی ناوبرد و گولتەکین ئویساڵ، سەرۆکی پارتی دیموکرات دژی چوونی شاندەکە بوو بۆ ئیمڕاڵی و پارتەکەی لە لیژنەکە کشاندەوە.

هاوکات، وابڕیارە رۆژی چوارشەممە شاندەکە بە ئامادەبوونی ٥١ یەک ئەندامی کۆمسیۆنەکە کۆنووسی کۆبوونەوەکەی ئیمراڵی لە کۆبوونەوەیەکدا بخوێننەوە.


 


 













گەلەری