سەردێڕ:

سەرۆكی پەرلەمانی توركیا: كۆبوونەوەى شاندەكەی پەرلەمان و ئۆجەلان ئەرێنی بووە

PM:09:19:24/11/2025

2656 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، كۆبوونەوەى شاندەكەی پەرلەمان و عەبدوڵا ئۆجەلان ئەرێنی بووەو بڕیاریشە، لیژنەکەی پەرلەمانی توركیا لەم هەفتەیەدا جارێکی دیکە کۆببێتەوە و شاندەکە کورتەیەک لە وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکە لەگەڵ ئۆجەلان بە لیژنەکە بگەیەنن.


ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی توركیا باسی لەوەشکردووە، لە کۆبوونەوەکەدا بەوردی باس لە پرۆسەی هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە و رێككەوتنی ١٠ـی ئازاری نێوان هەسەدە و حکومەتی نوێی سوریا كراوە.

نوعمان کورتوڵموش وتیشی، لە ئەنجامی ئەو دیدارەدا، دەرئەنجامی ئەرێنی لە بوارەکانی یەکگرتنی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی گیانی برایەتی و پێشخستنی ئەرێنی پرۆسەکە بەرەو روانگەیەکی هەرێمایەتی بەشێوەیەكی ئەرێنی بەدەست هاتووە.

میدیاکانی تورکیاش باسیان لەوەکرد، ئەندامانی شاندەکە پەرلەمانییەکە پێکهاتبوون لە گوڵستان کلچ کۆچیگیت، جێگری هاوسەرۆکانی دەم پارتی و فەتی یڵدز، جێگری سەرۆکی مەهەپە و حسێن یامان، پەرلەمانتاری دادو گەشەپێدان، دەشڵێن کۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی کورد سێ کاتژمێری خایاندووە.

بڕیاریشە لیژنەکەی پەرلەمانی توركیا لەم هەفتەیەدا جارێکی دیکە کۆببێتەوەو ئەو شاندەی کە سەردانی ئیمرالییان کردووە، کورتەیەک لە وردەکارییەکانی کۆبوونەوەکە لەگەڵ ئۆجەلان بە لیژنەکە بگەیەنن.













گەلەری