فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل هەیسەم عەلی تەباتەبایی سوپاسالاری حزبوڵا و دووەم كەسایەتیی ناو حزبەكەیان لە باشووری بەیرووت كوشت، ئیسرائیل بە دەستكەوتێكی گەورەی لەقەڵەم دا و حزبوڵاش کوژرانەکەی پشتراستکردەوە، بەڵام دەتوانێت چی بكات؟
هێرشەكەی دوێنێی ئیسرائیل لە ناو پێشبینییەكان دێت بە زیادبوونی هێرش و پەرەسەندنی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەكانی حزبوڵا لە ماوەی داهاتوو، بەتایبەتی کە تا ئێستا سوپای لوبنان نەیتوانیوە چەك لە گروپی حزبوڵا داماڵێت، هێرشەكەی ئیسرائیل بە ئاگاداری ئەمەریكایە، كە ئەویش فشاری خستووەتە سەر حكومەتی لبنان بۆ داماڵینی چەكی حزبوڵا.
ئەحمەد شلحە رۆژنامەنووسی دیاری لوبنانی دەڵێت،
دوای ئەوەی پێشتر ئیسرائیل دزەی كردە ناو ریزەكانی حزبوڵا و زۆرینەی سەركردە
باڵاكانی بە ئامانجگرت، لەوانەش حەسەن نەسروڵا، حزبەكە پەنای بۆ شێوازێكی نهێنی و
ئاڵۆز برد، بەوەی دوای كوژرانی سەركردەكانی ناوی شوێنگرەكەی ئاشكرا نەدەكرد،
تەباتەبایش كە دوێنێ كوژرا، بە نهێنی داینابوو و حزبەكە بە نهێنی لە رووی سیاسی و
سەربازی خۆی بنیات دەنایەوە، بەڵام كوژرانی بەرپرسێكی باڵای وا و لە باشووری
بەیرووت، كە مۆڵگەی حزبەكەیە، پێشانی دەدات هێشتا ئیسرائیل توانای دزەكردنی بۆ
ریزەكانی حزبوڵا و گەیشتنی بە سەركردەكانی هەیە.
روونیشی كردەوە،
پرسیارەكە ئەوەیە دوای تەباتەبایی نۆرەی كێیە؟ ئێستا حزبەكە لەبەردەم بژاردەیەکی
سەختدایە، ئەگەر تۆڵەی كوژرانی فەرماندە سەربازییەكەی بكاتەوە، ئەوە هەلێك بە ئیسرائیل دەدات بۆ هێرشێكی فراوانتر و بەزاندنی
هەموو هێڵە سوورەكان و بەوەش لوبنان باجێكی گەورە دەدات.
وەك ئەو
رۆژنامەنووسە دەڵێت، دووەم بژاردە، كە زیاتر پێشبینی دەكرێت، بریتییە لەخۆ دزینەوەی
حزبوڵا لە وەڵامدانەوە، بەڵام لێرە چاودێران دەڵێن ئەوە وا دەكات ئیسرائیل لە
كوشتن و هێرشەكانی بەردەوام بێت، بەوەش وێنەی حزبەكە لە ناوخۆ لاواز دەبێت و
ئاماژە دەكرێت كە دزەكردنی ئیسرائیل هێشتا بەردەوامە.
هاوکات سەرچاوە
ئیسرائیلییەكان دەڵێن هێرشەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریكا بووە و زانیاری بە
ئەمەریكا دراوە، بەڵام كاتی جێبەجێكردنی ئاشكرا نەبووە، لەوكاتەی بەرپرسێكی
ئەمەریكی باسی لەوەکردووە كە ئیسرائیل پێشوەختە ئەمەریكا لە هێرشەكە ئاگەدار
نەكردووەتەوە و راستەوخۆ دوای ئەنجامدانی پێی وتووە، چەند رۆژێكە ئەمەریكا دەزانێت
ئیسرائیلی نیازی پەرەسەندنی دۆخەكەی لە لوبنان هەیە، بەڵام بە كات و شوێن و
ناسنامەی بەئامانجگیراوەكەی نەزانیوە.
بەپێی
زانیارییەكان ئەبو عەلی تەباتەبائی فەرماندەی پێشووی هێزی رەزوانە كە بەشداریی
شەڕەكانی لە سوریا و یەمەن كردووە، لە دوای نەعیم قاسم دووەم كەسایەتیی باڵای ناو
حزبوڵایە و بەشداری لە بنیاتنانەوەی توانا سەربازییەكانی حزبوڵا لە دوای گورزەكانی
ئیسرائیل كردووە، ئەبو عەلی تەباتەبائی، باوكی ئێرانییە و دایكیشی لوبنانی، خۆی لە
لوبنان نیشتەجێبوو، لە لیستی داواكراوانە بۆ ئەمەریكا و پێنج ملیۆن دۆلار بەرامبەر
بە پێدانی زانیاری بۆ گرتنی دانرابو.