سەردێڕ:

ترەمپ گروپی ئیخوان موسلیمین دەخاتە لیستی تیرۆرەوە

PM:09:39:23/11/2025

2196 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت، ئیدارەکەی سەرقاڵی داڕشتنی کۆتا بەڵگەنامەکانە بۆ ئەوەی بە فەرمی "کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین" وەک رێکخراوێکی تیرۆریستیی بیانی بناسێنێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە ماڵپەڕی جەست زە نیوزی راگەیاند، پۆڵێنکردنی ئیخوان وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بە بەهێزترین دەستەواژەکان ئەنجام دەدرێت و ئێستا خەریکی ئامادەکردنی بەڵگەنامەی کۆتایین.

ئەم بڕیارەی سەرۆکی ئەمەریکا دوای ئەوە دێت کە هەفتەی رابردوو، گرێگ ئابۆت، پارێزگاری ویلایەتی تێکساس، هەریەکە لە ئیخوان موسلیمین و ئەنجومەنی پەیوەندییە ئەمەریکی-ئیسلامییەکان (CAIR)ی وەک رێکخراوی تیرۆریستی ناساند و بڕیاریدا رێگرییان لێ بکرێت لە کڕینی هەر جۆرە موڵکێک لەو ویلایەتەدا.

هاوکات مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێشتر ئاماژەی بەوە کردبوو کە پرۆسەی خستنە لیستی تیرۆری ئیخوان "لەسەر مێزەکەیە"، بەڵام پرۆسەیەکی وردە و کاتی دەوێت، بەهۆی بوونی لق و پۆی زۆر لە جیهاندا.

هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوانە، ژمارەیەک لە سیناتۆر و ئەندامانی کۆنگرێس پرۆژەیاسای "ناساندنی ئیخوان وەک رێکخراوی تیرۆریستی" بۆ ساڵی ٢٠٢٥ پێشکەش کردووەتەوە و هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە ئەو رێکخراوە "مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا".

لەلایەکی دیکەوە، ئەنجومەنی(CAIR) رەتیدەکاتەوە پەیوەندی بە تیرۆرەوە هەبێت و سکاڵای یاسایی دژی حکومەتی تێکساس تۆمار کردووە، بە پاساوی ئەوەی بڕیارەکە پێشێلکردنی مافی دەستوورییە.













گەلەری