سەردێڕ:

پزیشکیان: جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق دەکەینەوە

PM:10:49:11/09/2024

1264 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق خاوەنی سنوور و پەیوەندییەکی بەهێزە و جەخت لەسەر هێشتنەوەی ئەو پەیوەندییە بەهێزە دەکەنەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە یەکەم چاوپێکەوتنیدا لە عێراق لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی عێراقدا ئەوەی خستە روو، بەهۆی بەهێزی پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق و سنوورە هاوبەشەکەیان عێراقی وەک یەکەم سەردانی دەرەوەی ئێران هەڵبژاردووە.

باسی لەوەش کرد، پێویستە عێراق و ئێران هێزەکانیان یەکبخەن بۆ کۆتایی هێنان بە ئاستەنگییەکان و جەخت لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ عێراقدا دەکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، دوای ئەوەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لەسەر بانگهێشتنامەی عێراق گەیشتە بەغدا و چەند کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزرانی عێراق ئەنجامدا، سودانی رایگەیاند، رێگە نادەن خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێک بەکار بهێندرێت. پزیشکیانیش وتی، "دوای ئەم سەردانە و ئەنجامدانی رێککەوتن لەگەڵ عێراق ئەچینە قۆناغێکی ترەوە".

بڕیاریشە، دوای ئەوەی سەرۆک کۆماری گەیشتە بەغدا و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق ١٤ یاداشت و لێکتێگەیشتنی نوێ واژۆ کرا، سبەی سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەسەر چەند پرسێکی ئابووری لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی کاربەڕێکەر کۆ ببێتەوە.













گەلەری