وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێم رایگەیاند، تەرمی سێ حاجی هەرێم لە وڵاتی سعودیە دۆزراونەتەوە و ژمارەی ئەو حاجیانەی گیانیان لە دەستداوە گەیشتووەتە ٢٢ کەس.
ئەمڕۆ هەینی، کاروان ستونی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێم بڵاویکردەوە، تەرمی سێ حاجی هەرێم لە وڵاتی سعودیە دۆزراونەتەوە کە دوانیان ژنن و یەکێکیان پیاوە.
ئەوەشی خستووەتە روو، ئەو سێ حاجییە ناویان ئازان حەسەن محەمد و خالیدە
عەباس مەحمود و سافیە تاهیر محەمەدە. دەشڵێت، ژمارەی گیان لەدەستدانی حاجیانی کورد
لە وەرزی حەجی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٢٢ کەس.
پێشتر، نەبەز ئیسماعیل وتەبێژی
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینیی هەرێم لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی باسی لەوە
کرد، تا ئێستا لە گفتوگۆدان لەگەڵ وڵاتی سعودیە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ١٩ حاجی
ونبووی هەرێم.
لای
خۆشییەوە، حکومەتی سعودیە رایگەیاند، ئەمساڵ وڵاتەکەیان پێشوازی کردووە لە زیاتر
لە یەک ملیۆن و ٨٠ هەزار حاجی، لەو ژمارەیەش چوار هەزار و ٦٨٥ حاجییان خەڵکی
هەرێمی کوردستان بوون و بەڕێوەبەرایەتی حەج و عەمرەی هەرێم ڕایگەیاند، دوای بەجێ
گەیاندی فەریزەی حەج ٢٢ـی مانگ یەکەم کاروانی حاجیان بەڕێگای وشکانی دەگەڕێنەوە
هەرێمی کوردستان و ٢٤ـی مانگیش یەکەم کاروانی حاجیان بەڕێگای ئاسمانی دەگەڕێنەوە و
و دوایین کاروانی حاجیانیش لە ٣٠ مانگ دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
هاوکات،بەپێی
ئامارێکی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەمساڵ ٩٢٢ حاجی لە سعودییە گیانیان لەدەستداوە،
ئەوەش بەراورد بە ساڵی رابردوو چوار هێندە زیادیکردووە،لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٦٠٠
حاجییان خەڵکی میسر بوون، ئاژانسەکە بەشێکی زۆری هۆکارەکەیشی بۆ بەرزی پلەکانی
گەرما گەراندەوە کە ٥١ پلەی سیلیزی تێپەڕاندبوو.