سەردێڕ:

ڤیدیۆ؛ لە سلێمانی کارگەیەک گڕیگرت و تا ئێستاش کۆنترۆڵ نەکراوە

PM:08:11:15/01/2024

26592 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کارگەی رۆنی ئامانج لە ناوچەی عەربەت لە سلێمانی گڕیگرتووە و تاوەکو ئێستاش ئاگرەکەی کۆنترۆڵنەکراوە.


ئەمڕۆ دووشەممە، ئارام عەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کارگەی رۆنی ئامانج لە ناوچەی عەربەت لە سلێمانی گڕیگرتووە و تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و تا ئێستاش هۆکاری ئاگرەکەیان نەزانیوە.

هاوکات، بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، ماوەی کاتژمێرێکە ئاگر لە دوو کۆگا بە کارگەی رۆنی ئامانج لە عەربەت دروستبووە، تاوەکو ئێستا کۆنترۆڵنەکراوە.

باسی لەوەش کرد، تیمکانی ئاگرکوژێنەوە بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، بەڵام بەهۆی هەبوونی رۆن و پلاستیکێکی زۆرەوە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە کارێکی قورسە و مادەکانی ناو کارگەکەش هاوکارن لە سوتان و فراوانبوونی ئاگرەکە.

لای خۆشیەوە، خاوەنی کارگەکە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی تەزووی کارەباوە ئاگرەکە دروستبووە کە تا ئێستا زیانەکان بە یەک ملیۆن دۆلار دەخەمڵیندرێت و بەهۆی خێرای باشەوە ئاگرەکە فراوانتردەبێت. دەشڵێت " لە کاتی دروسبونی ئاگرەکەدا ٢٦ کرێکار لە کۆگاکەدا بووە بەڵام تواندراوە خۆیان رزگاربکەن و هیچ زیانیکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە".

ئەوەشی خستەروو، لە ماوەی رابردوودا لە رۆژی ٢٥ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ئاگرێکی هاوشێوە لە یەکێک لە کارگەکانی قیر لە عەربەت کەوتەوە و لەماوەی چوار مانگی رابردوشدا ئەوە سێیەم ئاگرە کە لەو سنورەدا دروستدەبێت.

گۆران لوقمان- سلێمانی

Video edited on Kapwing













گەلەری