زۆرێک لە رۆژوان لە مانگی رەمەزاندا
هەوڵدەدەن سوودە تەندروستییەکانی ڕۆژوو بەدەستبهێنن، بەڵام هەندێک خووی هەڵە
لەکاتی بەربانگدا، نەک هەر سوودەکان ناهێڵن بەڵکو دەبنە هۆی کێشەی هەرەس،
زیادبوونی کێش و هەستکردن بە تەمەڵی و بێهێزی.
لە ماڵپەڕی " eremnews" بڵاوکراوەتەوە، پسپۆڕانی تەندروستی
جەختدەکەنەوە کە شێوازی شکاندنی ڕۆژوو و هەڵبژاردنی جۆری خواردنەکان، ڕۆڵی
سەرەکییان هەیە لە پاراستنی هاوسەنگی جەستە دوای چەندین کاتژمێر لە برسییەتی.
دیارترین ئەو هەڵانەی دەبنە هۆی
تێکدانی تەندروستیت:
١. خواردنی
بڕێکی زۆر لە یەک کاتدا، ئەمە دەبێتە هۆی ماندووکردنی کۆئەندامی هەرەس و
دروستبوونی غازات و ئاوسانی سک، باشتر وایە بە خورما و ئاو یان شۆربا دەستپێبکەیت
و پاش کەمێک پشوو، ژەمە سەرەکییەکە بخۆیت.
٢. خواردنە سوورەکراوەکان یان
چەورەکان چونکە هەستی تەمەڵی و خەواڵوویی زیاد دەکات و کاریگەری خراپی لەسەر
تەندروستی دڵ و کێشی جەستە دەبێت.
٣. خواردنی ئەو شیرینییانەی ڕێژەیەکی
زۆر شەکر و چەورییان تێدایە، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای شەکری خوێن و پاشان
هەستکردن بە ماندوێتی و برسییەتییەکی زۆر.
٤. خواردنەوە گازییەکان و شەربەتی
دەستکرد لەجیاتی ئاو، کالۆرییەکی زۆر دەدات بە جەستە و نابێتە هۆی قەرەبووکردنەوەی
ئەو ئاوەی جەستە لەدەستی داوە.
٥. نەخواردنی سەوزە و ڕیشاڵەکان دەبێتە
هۆی قەبزی و ناڕێکی لە شەکری خوێندا.