تیمێکی توێژەرانی ئەکادیمیای ڕۆمانیا
هۆشداری دەدەن، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و و توانەوەی بەستەڵەکەکان،
بەکتریا بەستووەکانی ناو ئەشکەوتەکان کە مێژووەکەی بۆ 5000 ساڵ پێش ئێستا
دەگەڕێتەوە، رەنگە ببنە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتایەکی نوێ.
بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ کە لە
ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل" بڵاوکراوەتەوە، زانایان لە ئەشکەوتی بەستەڵەکی
"سكاريسوارا"
لە ڕۆمانیا، جۆرە بەکتریایەکیان بەناوی "Psychrobacter
SC65A.3" دۆزیوەتەوە.
پشکنینەکان سەلماندوویانە کە ئەم
بەکتریایە توانای بەرگری کردنی هەیە بەرامبەر بە ١٠ جۆر دژە زیندەیی بەهێز، کە لە ئێستادا بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی
کۆئەندامی میز، کۆڵۆن و تەنانەت سیل بەکاردێن.
دکتۆر کریستینا بۆرکەریا، یەکێک لە
توێژەرانی سەرەکی توێژینەوەکە رایگەیاندووە "ئەم بەکتریایە زیاتر لە 100 جینی بەرگری هەڵدەگرێت، ئەگەر بەهۆی توانەوەی بەستەڵەکەکان بڵاوببنەوە
ئەوا دەکرێت ئەم جینانە بۆ بەکتریا مۆدێرنەکانی سەردەمی ئێستا بگوازرێنەوە، ئەمەش
کێشەی بەرگری دژە زیندەییەکان لەسەر ئاستی جیهان دوو هێندە دەکات".
توێژەران ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەم
بەکتریایە توانایەکی سەرسوڕهێنەری لە مانەوە لە بارودۆخە سەختەکاندا هەیە، لەوانە،
ناوچە بەستەڵەکەکان، دەوری گڕکانەکان، تەنانەت لە بۆشایی ئاسمانیشدا جگە لەوەش،
بەکتریایەکە پەیوەندی بەو جۆرانەوە هەیە کە نەخۆشی لە مرۆڤ و ئاژەڵدا دروست دەکەن،
ئەمەش مەترسییەکان زیاتر دەکات ئەگەر بێت و لە ژینگەدا بڵاوببنەوە.
زانایان جەخت لەوە دەکەنەوە کە
پێویستە دەستبەجێ ڕێکاری توندی سەلامەتی و تەندروستی بگیرێتەبەر بۆ مامەڵەکردن
لەگەڵ ئەو جۆرە بەکتریایانە لە تاقیگەکاندا، بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە هەر جۆرە
بڵاوبوونەوەیەکی کۆنتڕۆڵنەکراو کە دەبێتە هۆی قەیرانێکی تەندروستی جیهانی.