هۆشداریی لە ئازارشکێنێکی باو دەدرێت کە زیان بە جگەر دەگەیەنێت

AM:09:08:27/06/2025

10808 جار خوێندراوەتەوە

پزیشکێک هۆشداری دەدات لە مەترسییە تەندروستییە بەرچاوەکانی زیادەڕۆیی لە خواردنی دەرمانی پاراسیتامۆڵ کە دەرمانێکە بۆ سەرئێشە و ئازاری ماسولکەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکاردەهێنرێت.

دکتۆر دیپا کامدار لە وتارێکیدا کە لە ڕۆژنامەی "The Conversation" بڵاوکراوەتەوە، جەختی لەوە کردووەتەوە کە زیادەڕۆیی لە خواردنی پاراسیتامۆڵ دەتوانێت لێکەوتەی زۆر خراپی هەبێت بۆ تەندروستی جگەر، تەنانەت ئەگەر ژەمە پێشنیارکراوەکەش بە جیاوازییەکی کەم تێپەڕێنرێت.

جێگەی باسە پاراسیتامۆڵ بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک ئازارشکێنێکی باو بەکاردەهێنرێت، بەڵام زیادکردنی ژەمە پێشنیارکراوەکە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە جگەر، کە لە هەندێک حاڵەتدا دەتوانێت مەترسی لەسەر ژیان دروست بکات.

کامدار رایگەیاند "خواردنی تەنها چەند حەبێک لە سەرووی سنووری پێشنیارکراویەوە دەتوانێت لێکەوتەی گەورە لەسەر تەندروستی جگەر دروست بکات".

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمپانیای " British Liver Trust"، ساڵانە زیاتر لە ١١هەزار کەس لە بەریتانیا بەهۆی نەخۆشی جگەرەوە دەمرن ئەمەش یەکسانە بە مردنی زیاتر لە ٣١ کەس لە ڕۆژێکدا، لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا ڕێژەی مردن بەهۆی ئەم نەخۆشیانەوە چوار هێندە زیادی کردووە.

پزیشکەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، نەخۆشی جگەر زۆرجار لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدا بێدەنگ دەبێت تەنها نیشانە ناڕوونەکان دەردەکەون، وەک ماندوێتی بەردەوام یان سکچوون بەڵام لەگەڵ زیادبوونی نەخۆشییەکە نیشانە ئاشکراکان دەست دەکەن بە دەرکەوتن، وەکو زەردوویی.

کاتێک پاراسیتامۆڵ دەخورێت، لە جگەردا دەڕوات و دەشکێت و ماددەیەکی ژەهراوی بەرهەم دەهێنێت کە بە "NAPQI" ناسراوە، کە بەهۆی ماددەیەکی پارێزەرەوە کە پێی دەوترێت گلوتاتیۆن بێلایەن دەکرێت، بەڵام لە ئەگەری زیادەڕۆیی کردنی ئەم ژەهرانە لە جەستەدا کۆدەبنەوە، ئەمەش ڕێگری لە توانای جگەر دەکات.

کامدار ڕوونیکردەوە "کاتێک زیادەڕۆی لە خواردنی دەرمانی پاراسیتامۆڵ دەکرێت کۆگاکانی گلوتاتیۆن کەم دەبنەوە، ئەمەش ڕێگە بەNAPQI دەدات کە کۆببێتەوە و هێرش بکاتە سەر خانەکانی جگەر."

پزیشکەکە ئامۆژگاری ئەوەمان دەکات کە پابەندبن بەو ژەمەی کە پزیشک پێشنیاری کردووە و زیاد نەکردنی، هەروەها ڕاوێژ بە پزیشک بکرێت ئەگەر هەستت بە پێویستی کرد دەرمانی ئازارشکێنی زیاتر بخۆیت.