ژنێک دوای ٣١ ساڵ وەڵامی نامەیەکی دەدرێتەوە

AM:10:37:22/06/2025

14104 جار خوێندراوەتەوە

لە ساتێکی سەرسوڕهێنەردا، ژنێکی سکۆتلەندی پەیامێکی پێگەیشت کە زیاتر لە سێ دەیە لەمەوبەر لە شووشەیەکدا داینابوو، دوای ئەوەی لەلایەن خۆبەخشێکی ئەڵمانیەوە لە دوورگەیەکی نەرویج دۆزرایەوە.

چیرۆکەکە لە ساڵی ١٩٩٤ دەستی پێکردووە، کاتێک ئالینا بێریسفۆردی تەمەن ١٢ ساڵ خەڵکی شاری پۆرتنۆکی لە ویلایەتی مۆرای بەشداری لە پڕۆژەیەکی قوتابخانەدا دەکرد سەبارەت بە ئاو، پەیامێکی دەستنووسی نووسی و کردییە ناو بوتڵێکی شووشەوە و لە ناوچەکەدا داینا، پاشان هاوسەری مامۆستاکەی کە ماسیگر بوو، شووشەکانی فڕێدایە قووڵایی دەریای باکوور.

ئەمڕۆ دوای ٣١ ساڵ، پیا برۆدمان خۆبەخشێکی تەمەن ٢٧ ساڵە و خەڵکی ئەڵمانیایە، لە کەنارەکانی دوورگەی بچووکی لێچێلودا لە نزیک ڤێگا لە نەرویج، لەکاتی ئەرکێکی پاککردنەوەی کەناراوەکاندا بۆ ڕێکخراوی "In the Same Boat"، شووشەکەی دۆزیەوە، پیا پۆستکارتێکی بۆ ئەو ناونیشانەی لەسەر نامەکە نارد، کاتێک گەیشتە لای ئالینا باوەڕی پێ نەکرد.

ئالینا کە ئێستا تەمەنی ٤٣ ساڵە، بە بی بی سی سکۆتلەندای وتووە "هێشتا لە هەمان خانوودا دەژیم، هەرچەندە ساڵانێک لەمەوبەر کۆچم کرد، بەڵام لەگەڵ دایک و باوکمدا گەڕامەوە، کاتێک کارتەکەم بینی، باوەڕم نەدەکرد هی من بێت" ئاماژەی بەوەشکردووە، "بینینی دەستنووسەکەم بە ڕوونی دوای ئەم هەموو ساڵە سەرسوڕهێنەر بوو کە هێشتا نامەکە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر دەخوێنرێتەوە".

لە نامەکەدا ئالینا داوایی کردبوو هەرکەسێک کە نامەکەی دۆزییەوە ناو و خولیا و زانیارییەکانی خۆی بۆ بنێرێت سەبارەت بەو ناوچەیەی کە شووشەکەیان لێ دۆزیوەتەوە.

ئالینا باسی لەوە کرد کە لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە پەیوەندی بە پیادەوە کردووە و وێنە و گفتوگۆیان ئاڵوگۆڕ کردووە، ئەوەشی راگەیاند "هیوادارین ئەم پەیوەندییە جوانە بپارێزین".