هێلکە بژاردەیەکی
بەناوبانگی نانی بەیانییە، بەهۆی بەهای خۆراکی و ئاسانکاری لە ئامادەکردن و جۆراوجۆری
شێوازی پێشکەشکردنی، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتە تەندروستییەکانی ئەم دواییە ڕەنگە پشت بەستن
بەتەنها بەوە، پێداویستییە خۆراکییە هەمەچەشنەکانی جەستە دابین نەکات.
لە ماڵپەڕی "eremnews" هەرچەندە هێلکە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە
بە پرۆتین و چەورییە تەندروستەکان، بەڵام خواردنی هەموو بەیانیەک بەتەنها ڕەنگە ببێتە
هۆی کەمی هەندێک ماددە خۆراکییە گرنگەکان کە پێویستن بۆ جەستەیەکی تەندروست، وەک:
کەمی ڕیشاڵ:
هێلکە ڕیشاڵی تێدا
نییە کە پێویستە بۆ تەندروستی هەرس و ڕێکخستنی ئاستی شەکر لە خوێندا، نەخواردنی خۆراکی
وەک میوە یان دانەوێڵەی تەواو لەگەڵ هێلکەدا ئەگەری تووشبوون بە قەبزی و نەخۆشییەکانی
دڵ لە درێژخایەندا زیاد دەکات.
کەمی دژە ئۆکسێنەر:
لە کاتێکدا هێلکە
هەندێک دژە ئۆکسانی تێدایە وەکو لوتین و زیاکسانتین، بەڵام ئەو جۆرە دژە ئۆکسێنەرە
جۆراوجۆرانەی تێدایە نییە کە لە میوە و سەوزە ڕەنگاوڕەنگەکاندا هەیە، وەکو توو و بیبەر
و تەماتە، کە ڕۆڵیان هەیە لە ڕێگریکردن لە هەوکردن و نەخۆشییە درێژخایەنەکان.
نەبوونی کاربۆهیدراتی
ئاڵۆز:
هێلکە دەوڵەمەندە
بە پرۆتین و کەمی کاربۆهیدرات، ئەمەش دوای ماوەیەکی کورت دەبێتە هۆی برسێتی، تێکەڵکردنی
کاربۆهیدراتی ئاڵۆز وەک پەتاتەی شیرین لەگەڵ ژەمێکدا وزەی بەردەوام دەبەخشێت و تەرکیز
بەرز دەکاتەوە.
کەمی ڤیتامین سی:
هێلکە بە تەواوی
کەمی ڤیتامین سی هەیە کە پێویستە بۆ پاڵپشتیکردنی بەرگری جەستە و تەندروستی پێست و
هەڵمژینی ئاسن، خواردنی میوەی لیمۆ یان پەرداخێک ئاوی پرتەقاڵ لەگەڵ هێلکەدا دەتوانێت
قەرەبووی ئەم کەمییە بکاتەوە.
نەبوونی پێکهاتەی
ڕووەکی:
بە تەنها پشت بەستن
بە پرۆتینی ئاژەڵ بۆ نانی بەیانی جەستە بێبەش دەکات لە پێکهاتەی ڕووەکی بەسوود وەک
فلاڤۆنۆید و فیتۆنۆترینت، وەرگرتنی مشتێک گوێز یان تۆوی شیا دەتوانێت سوودە خۆراکیەکان
بەرز بکاتەوە.
جێگەی باسە هێلکە
هەڵبژاردەیەکی نایاب و باشە، بەڵام جێگەی جۆراوجۆری خۆراکی ناگرێتەوە، تێکەڵکردنیان
لەگەڵ سەرچاوەی دیکەی وەک میوە و سەوزە و دانەوێڵە تەواوەکان دەستپێکردنێکی هاوسەنگتر
و تەندروستتر بە جەستە دەبەخشێت بۆ ڕۆژەکە جگە لەوەش نانی بەیانی تەنها ژەمێک نییە
بەڵکو خاڵی دەستپێکی تەواوی ڕۆژێکی چالاکییە.