ئەستێرەیەک رەنگە لە ساڵی ٢٠٣٢دا بەر مانگ بکەوێت

PM:02:19:21/06/2025

1020 جار خوێندراوەتەوە

دوای ماوەیەکی کەم لە دۆزینەوەی ئەستێرە بچووکەکەی YR4لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، فەلەکناسەکان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە هیچ مەترسییەک لەسەر زەوی دروست ناکات، بەڵام بە نزیکەیی ٤٪ ئەگەری ئەوە هەیە کە لە ساڵی ٢٠٣٢دا لەگەڵ مانگدا بەریەک بکەوێت.

ئەگەر پێکدادانەکە ڕووبدات ئەوا چاڵێک لەسەر رووی مانگ دروست دەبێت کە تیرەکەی نزیکەی کیلۆمەترێک دەبێت و نزیکەی ١٠٠ ملیۆن تۆن پاشماوە لە بۆشایی ئاسمان بڵاودەکاتەوە، ئەمەش مەترسی لەسەر مانگە دەستکردەکانی خولگەی زەوی دروست دەکات و ئەگەری هەیە ببێتە هۆی کەوتنە خوارەوەی نەیزەکی نائاسایی کە لە زەویەوە دیارە.

زانایان لە لێکۆڵینەوەیەکدا کە لە گۆڤاری "AAS" بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەیان بە مەترسییەکانی ئەو بەریەک کەوتنە کردووە، ئەوان پشتڕاستیان کردەوە کە هەموو پاشماوەکان ناگەنە زەوی، تەنها 10%ی ئەم مادەیە دەتوانێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بگاتە زەوی، ئەو زانایانە هۆشدارییان داوە کە مەترسیدارترین تەنۆلکەکان ئەو تەنۆلکانەن کە تیرەکەیان لە 0.1 ملم گەورەترە، کە لە ماوەی چەند ڕۆژێک یان چەند مانگێکدا دەگاتە خولگەی زەوی ئەمەش مەترسی لەسەر مانگە دەستکردەکان دروست دەکات.