داهێنانێکی زانستی میز دەکاتە مادەیەک بۆ چاندنی ئێسک و ددانەکان

PM:09:48:18/06/2025

1452 جار خوێندراوەتەوە

تیمێکی نێودەوڵەتی لە توێژەران تەکنەلۆژیایەکی ناوازەیان پەرەپێداوە بۆ گۆڕینی میزی مرۆڤ بۆ " Hydroxyapatit"، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە چاندنی ئێسک و دداندا بەکاردەهێنرێت، جگە لە بەکارهێنانی پیشەسازی دیکە.

ئەنجامی توێژینەوەکە لە گۆڤاری "Nature Communications" بڵاوکراوەتەوە، شارەزایان باس لەوە دەکەن کە " Hydroxyapatit " کانزایەکی سروشتییە و بە شێوەیەکی سەرەکی لە فۆسفاتی کالیسیۆم پێکهاتووە کە پێکهاتەی سەرەکی ئێسک و ددانەکانە، هێما کیمیاییەکەی بریتییە لە Ca5(PO4)3(OH)، لە چەندین کاری پزیشکی و جوانکاریدا بەکاردێت، لەوانە پڕکردنەوەی ئێسک و ددان و بەرهەمەکانی چاودێری پێست.

ئەم دۆزینەوە لە کاتێکدایە کە میز بە کێشەیەکی ژینگەیی دادەنرێت، بەو پێیەی سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە لە ماددە خۆراکیەکان کە بارگرانی لەسەر سیستەمی ئاوەڕۆکان دروست دەکات و ئاو پیس دەکات، بەتایبەتی کاتێک بە ڕێژەیەکی زۆر کۆدەبێتەوە.

توێژەران بە سەرۆکایەتی تیمێکی زانکۆی کالیفۆرنیای ئیرڤین، سیستەمێکی بایۆلۆجییان پەرەپێداوە کە بە "Bone yeast" ناسراوە کە کاری خانە دروستکەرەکانی ئێسک لە جەستەدا وەرئەگرێت، ئەم سیستەمە بە هاوکاری توێژەرانی ژاپۆن و دامەزراوەکانی تری ئەمریکا پەرەی پێدراوە.

ئەم ماددەیە لە میزدا شی دەبێتەوە و pH بەرز دەکاتەوە و دەبێتە هۆی دانانی کالیسیۆم و فۆسفات، پاشان ئەم کریستاڵانەی HApدەگۆڕدرێن بۆ کریستاڵەکانی هایدرۆکسی ئاپاتایت (HAp) کە دواتر لە دەرەوەی خانەکە ئازاد دەکرێن، تیمەکە سەرکەوتوو بوون لە بەرهەمهێنانی یەک گرام HAp بۆ هەر لیترێک میز.

پرۆفیسۆر دەیڤید کیسایلۆس نوسەری توێژینەوەکە رایگەیاندووە " ئەم سیستەمە نوێیە دوو کێشە بە یەکجار چارەسەر دەکات، یەکەمیان پیسبوونی ئاو کەمدەکاتەوە، دووەمیان ماددەیەکی بەنرخ بۆ بەکارهێنانی پزیشکی و پیشەسازی بەرهەم دەهێنێت"

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو تەکنەلۆجیایە پێویستی بە ئامێری ئاڵۆز یان وزەی بەرز نییە و دەتوانرێت بە تێچووی کەم لە ژێر بارودۆخێکی سادەدا جێبەجێ بکرێت، ئەمەش وا دەکات بە تایبەتی بۆ وڵاتانی تازەپێگەیشتوە و ناوچە سنووردارەکانی سەرچاوەکان گونجاو بێت.

بەکارهێنانی HApتەنها لە بواری پزیشکیدا سنووردار نییە، بەڵکو لە نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکان و تەلارسازی ڕووناکیدا بەکاردەهێنرێن، توێژینەوەکە پێشبینی دەکات کە بازاڕی جیهانی " Hydroxyapatit" تا ساڵی ٢٠٣٠ بگاتە نزیکەی ٣.٥ ملیار دۆلار.

لە ئێستادا تیمەکە کاردەکەن بۆ پەرەپێدانی ماددەکە و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی زیاتر.