شارەزایەک هۆشداری
دەدات لەوەی کە بەڕواڵەت کێشە بچووکەکانی پێ، وەک ساردی پێیەکان یان هەوکردنی دەکرێت
نیشانەیەکی سەرەتایی نەخۆشییە مەترسیدارەکانی دڵ بێت.
بەپێی بابەتێکی
ماڵپەڕی " دەیلی مەیل "ی بەریتانی، یەکێک لە نیشانە باوەکانی
نەخۆشییەکانی دڵ لە پێیەکاندا دەردەکەوێت، کاتێک چەوری لە خوێنبەرەکاندا
کۆدەبێتەوە ڕێگری لە ڕۆیشتنی دروستی خوێن و ئۆکسجین دەکات ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە
جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
بەگوتەی پزیشکی
دەرمانساز نۆئێل ویکز، خوێنبەرەکانی ناو پەنجەکانی قاچ زۆر بچووکن و وایان لێدەکات
تووشی گیران ببن، ئەم گیرانەش دەبێتە هۆی سەرمابوون، سڕبوون، ئازار، یان ئاوسانی پێیەکان.
ویکز ئاماژەی بەوەشکردووە،
خراپی ڕۆیشتنی خوێن بۆ پێیەکان دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە نینۆکەکانی پێدا، وەک شکان
یان ئەستووربوون.
لە درێژەی قسەکانیدا
وتی "پێویستە چاودێری تەندروستی پێیەکانمان بکەین، چونکە دەتوانێت کاریگەری لەسەر
تەندروستی گشتیمان هەبێت و نیشاندەری کێشەی تەندروستییە"
کۆبوونەوەی چەوری
لە خوێنبەرەکاندا کە لە ڕووی پزیشکییەوە بە نەخۆشی خوێنهێنەری دەوروبەری (PAD) ناسراوە، هەروەها دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەی
دیکەی قاچ، وەک ئازار لە کاتی ڕۆیشتن.
هەروەها کێشەی پێ
دەتوانێت نیشانەی نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم بێت، چونکە بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری
خوێن بە شێوەیەکی نائاسایی دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە خوێنبەرە بچووکەکانی ناو پێ
و کۆمەڵێک کێشەی لێدەکەوێتەوە.
زۆرجار زیانگەیاندن
بە خوێنبەرەکان ئەو دەمارانە لەناو دەبات ئەمەش وا دەکات نەخۆشەکان نەتوانن هەست بە
برینەکان بکەن لە ئەنجامدا برینەکان چاک نابنەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارە تووشبووانی شەکرە
زیاتر تووشی هەوکردنی پێیەکان دەبن.