مەترسییەکانی ئەنفلۆنزای گەدە چین؟

PM:12:27:15/03/2025

2672 جار خوێندراوەتەوە

هەوکردنی گەدە و ڕیخۆڵە کە بە شێوەیەکی گشتی بە "ئەنفلۆنزای گەدە" ناسراوە، کاریگەری لەسەر ناوپۆشی گەدە و ڕیخۆڵەکان دەبێت، دەتوانێت پرۆسەی هەرسکردن و هەڵمژینی ماددە خۆراکیەکان لە ڕیخۆڵەکاندا تێکبدات.

دکتۆر ئیکاتێرینا کاشوخ پزیشکی پسپۆڕی گەدە و ڕیخۆڵە هۆکارەکانی هەوکردنی گەدە و توندی و چۆنیەتی چارەسەرکردنی دەخاتە ڕوو.

بەپێی وتەی ئەو دکتۆرە "هەوکردنی گەدە دەبێتە هۆی تێکچوونی کارەکانی گەدە و ریخۆڵە، توانای هەڵمژینی ئاو و خوێ و ماددە خۆراکیەکانیش کەمتر دەبێتەوە ئەمەش دەبێتە هۆی ئازاری سک و سکچوون و ڕشانەوە "

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا هەوکردنی گەدە و ڕیخۆڵە لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا چارەسەر دەبێت بەڵام هەندێکجار ئاڵۆزییەکان دروست دەبن لە ئەنجامی کێشەی درێژخایەنی هەرسکردن.

بە وتەی ئەو، پێویستە دەستبەجێ سەردانی پزیشک بکەیت ئەگەر پلەی گەرمی جەستەت بەرزبووەوە بۆ ٣٨.٥ پلە و زیاتر، ئەگەر خوێن لە ڕشانەوە یان پیساییەکەتدا هەبوو یان ئەگەر هەست بە نیشانەکانی وشکبوونەوەی جەستەت کرد وەک وشکبوونەوەی دەم، کەم میزکردن، وشکبوونەوەی چاوەکان.

ئەو پزیشکە ئاماژە بەوە دەکات کە چارەسەری نەخۆشییەکە بەندە بە هۆکار و توندییەکەیەوە، بەزۆری پزیشکەکان شلەمەنی زۆر بۆ بەرەنگاربوونەوەی وشکبوونەوەی جەستە و خواردنە سووکەکانی وەک شۆربا و مۆز و تۆست و سێو دەنووسن.

ئەو دکتۆرە باسیشی لەوە کرد پرۆبایۆتیکەکان دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ گەڕاندنەوەی بەکتریا باشەکانی ڕیخۆڵە، بۆ ڕێگریکردن لە هەوکردنی گەدە و ڕیخۆڵە، پێشنیاری ئەوەش دەکات کە یاساکانی پاکوخاوێنی جێبەجێ بکرێت، شۆردنی بەرهەمەکان پێش خواردنیان، خواردنەوەی ئاوی پاک، کوتان دژە ڤایرۆس.