لێکۆڵینەوەیەکی
ئەمریکی هۆکاری ئارەزووی قسەکردنی خانمانی بە ڕێژەیەکی زۆر زیاتر لە پیاوان ئاشکرا
دەکات.
لە ماڵپەڕی
" eremnews" بڵاوکراوەتەوە، لێکۆڵینەوەکە
ئەوەی ئاشکرا کردووە کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پشت ئەم کارە ئەوەیە کە دایکان
ڕاهاتوون قسەی زۆر لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن بەتایبەتی لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ژیانیاندا،
هەروەها جیاوازی لە هۆکارە بایۆلۆژییەکانی وەک هۆرمۆنەکان.
لە سەرەتای پێگەیشتنەوە
تا تەمەنی ناوەڕاست، ژنان زیاتر لە پیاوان قسە دەکەن، بە ڕێژەی ٣٢٧٥ وشە یان زیاتر
لە ڕۆژێکدا، کە یەکسانە بە ٢٠خولەکی زیادەی قسەکردن.
توێژینەوەکە نزیکەی
٢٢٠٠ کەسی لە تەمەنە جیاوازەکانەوە لە چوار وڵاتەوە وەرگرتووە، کە زانیاری گشتگیر
لە ماوەی ١٤ ساڵی ڕابردوودا کۆکراوەتەوە و شیکراوەتەوە.
کەمترین بەشداربووی
قسەکردن پیاوێک بووە کە ڕۆژانە تەنها ٦٢ وشەی وتووە، لە کاتێکدا زۆرترین
قسەکەر لە پیاواندا بە ڕێژەی ١٢٤ هەزار و
١٣٤ وشە لە ڕۆژێکدا بووە، ئەگەر وا دابنێین کە لە هەر ٢٤ کاتژمێرێکدا ٨ کاتژمێر دەخەوێت،
ئەمە مانای ئەوەیە کە نزیکەی ١٣٠ وشە لە هەر خولەکێکدا قسە دەکرێت.
داتاکان دەریانخستووە
کە مرۆڤەکان بە تێپەڕبوونی کات کەمتر قسە دەکەن بەبێ گوێدانە تەمەن و ڕەگەز، ئەمەش
شتێکە کە توێژەران دەگەڕێننەوە بۆ زیادبوونی ئەو کاتەی هەمووان لەبەردەم شاشەکاندا
بەسەری دەبەن.
جیاوازی قسەکردن
لە نێوان ڕەگەزەکاندا بابەتێکی مشتومڕاوییە و پەیوەستە بە چەندین هۆکاری کولتووری
و کۆمەڵایەتی و دەروونییەوە، بەڵام بەگشتی هەندێک هۆکار هەن کە وادەکەن ژنان زیاتر
لە پیاوان ئارەزووی قسەکردن بکەن، ئەوانیش بریتین لە:
١. ژنان لە تەمەنی
بچووکەوە هاندەدرێن بۆ ئەوەی باس لە هەستەکانیان بکەن و وردەکاری بچووک لەگەڵ کەسانی
دیکەدا باس بکەن، هەندێک لە پسپۆڕانی دەروونی پێیان وایە کچان فێردەکرێن باس لە ئەزموون
و هەستەکانیان بکەن، لە کاتێکدا کوڕان هاندەدرێن زیاتر خۆپارێز بن لە دەربڕینی هەستەکانیدا.
٢. هەندێک لە توێژینەوەکان
باس لەوە دەکەن کە ژنان دەیانەوێت لە ڕێگەی گفتوگۆوە پەیوەندی کۆمەڵایەتی بەهێز
دروست بکەن، بەو پێیەی گفتوگۆکردن ڕۆڵی هەیە لە بەهێزکردنی پەیوەندی سۆزداریدا.
٣. هەندێک لە لێکۆڵینەوەکان
باس لەوە دەکەن کە خانمان هەندێک بەشی مێشکیان چالاکترن لە کاتی کارلێکی کۆمەڵایەتی
و قسەکردندا.
٤. لە ڕووی دەروونییەوە
وا بیردەکرێتەوە کە ژنان ڕەنگە هەست بە ئاسوودەیی زیاتر بکەن لە قسەکردن لەسەر وردەکارییەکانی
ژیان و هەستەکانیان وەک ئامرازێک بۆ نەهێشتنی فشاری دەروونی، قسەکردن لەسەر هەستەکانیان
ڕەنگە یارمەتیان بدات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەست و سۆزە نەرێنییەکان و فشارەکان.