توێژینەوەیەك کە لەسەر ٤٠٠ ژن ئەنجامدراوە کە
نەشتەرگەری گەورەکردنی سنگیان کردووە ئاشکرایکردووە کە %٨٦-٩٨ی ئەو ژنانە
سلیکۆنەکەی سنگیان دزەی کردووە بۆ بەشەکانی دیکەی جەستەیان.
بەگوێرەی ئەو توێژینەوەیە کە لە گۆڤاری
"JAMA Network Open"ی
زانستی بڵاوکراوەتەوە توێژەران وتوویانە، پشکنینەکانمان ئاشکرایکردووە کە سلیکۆن
ئەندامەکانی دیکەی جەستە دەبڕێت و دەچێتە ناوییەوە، ئەمەش لە %٨٦ی ئەو ژنانەدا
دەرکەوتووە کە سلیکۆن کراوەتە مەمکیانەوە، وەك لە هەواڵێکی ماڵپەڕی "روسیا
تودەی"دا باسکراوە.
گروپێکی
پزیشکان بە سەرپەرشتیاری هێنری دیکمان لە زانکۆی زانستەکان لە هۆڵەندا پشکنینیان
بۆ سامپڵی شانەی ٤٠٠ ژن کردووە کە نەشتەرگەری جوانکاری مەمکیان بە سلیکۆن بۆ
کرابوو، ئەنجامەکە دەریخست لە شانەی %٩٨ی ئەو بەشداربووانەدا وردیلەی سلیکۆن هەیە،
هەروەها %٨٦ی ئەوانەش نەك تەنها شانەکانیان بەڵکو لە لیمفەگرێ و شانە چەورییەکان و
بەشەکانی دیکەی جەستەیاندا هەبووە.
ئەم دزەکردنەش وایکردووە %٩٢ی ئەو ژنانە
تووشی هەوکردنی مەترسیدار ببن، هەروەها کاریگەری سلیکۆنەکەش لەسەر ژنان و کچان
وەکو یەك بوو.
بڵاوبوونەوەی سلیکۆنەکە بە جەستەدا جگە لە
هەوکردن مەترسی تووشبوونی ژنان بە شێرپەنجە و تێكچوونی سیستمی بەرگری و چەندین
تێكچوونی دیکە لە ژاندا زیاتر دەکات.
بۆیە پێشنیاری ئەوەیان کردووە کە مەمك بە
سلیکۆن گەورە نەکرێت بەڵکو بە تێکەڵەیەکی فسیۆلۆژی ببێت بۆئەوەی مەترسی لەسەر
تەندروستی خانمان دروست نەبێت، تەنانەت تا دەتوانن دووربکەونەوە لەم جۆرە
جوانکارییانە.