بەدەست کابوسی شەوانەوە دەناڵێنیت؟ هۆکارەکانی خەوی ترسناک چییە؟

PM:01:59:18/10/2023

3740 جار خوێندراوەتەوە

کابوس (شەوە) دەکرێت بە زنجیرەیەک خەونی ترسناک و نائارامکەر لە هەموو تەمەنێکدا پێناسە بکرێت، لە کاتی خەو جوڵەی چاو روودەدات، کابوسەکان جیاوازن لە خەونی ئاسایی، زۆرجار پەیوەندییان بە هۆکارە دەروونییەکانەوە هەیە.

لە بابەتێکیدا ماڵپەڕی " الیوم السابع " رایگەیاندووە، کابوسی شەوانە هێمای شەرانگێزی سەرکوتکراو یان خەمۆکیە، لە کەسایەتی مرۆڤدا.

ئاشکراشی کرد، فشار و دڵەڕاوکێ و سترێس لە هۆکارە باوەکانی هەستکردن بە کابوسەکانن، کاتێک مێشک بارگاوی دەبێت بە بیرکردنەوە و ترسی نەرێنی، کاریگەری لەسەر خەو دروست دەکات و دەبێتە هۆی بینینی خەونی ترسناک، جگە لەوەش فشاری دەروونی دەبێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنەکانی سترێس لە جەستەدا وەک و کۆرتیزۆڵ و ئەدرنالین کە دەتوانێت ببێتە هۆی زیادبوونی کابوس.

هەروەها ئەو کەسانەی تووشی زەبر و زەنگ بوون یان تووشی نەخۆشی فشاری دوای کارەسات بوون زۆرجار کابوس دەبینن، توانای دەروون بۆ هەستکردن بە سەلامەتی لە کاتی خەوتندا تێکدەدات.

بە پێی پسپۆڕانی دەروونیش، هەندێک لە دەرمانەکان وەک دژە خەمۆکی و دەرمانی پەستانی خوێن، دەبنە هۆی دروستبوونی کابوس، هەندێک کات هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەستکردن بە تاوان یان خراپی پەیوەندیە خێزانیەکان یان کۆمەڵایەتییەکان.

S.A