ڤیدیۆیەك بەڕاددەیەکی زۆر بەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا
بڵاوبووەتەوە کە بەرجەستەی ئازار و نەهامەتی لوبنانییەکان دەکات لە ئێستادا و لە ڤیدیۆکەدا
پیاوێکی لوبنانی دەرکەوتووە کە بە ماتۆڕسکیلەکەی ژنە نەخۆشەکەی دەگوازێتەوە بۆ یەکێك
لە نەخۆشخانەکان.
وەك لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت ئەو پیاوە لوبنانییە
بە یەکێك لە دەستەکانی شۆفێری دەکات و بە دەستەکەی دیکەی موغەزی بۆ هاوسەرەکەی گرتووە
کە بە کانۆلاکەی دەستییەوە بەستراوە و دەیگوازێتەوە بۆ نەخۆشخانە، وەك لە هەواڵێکی
ماڵپەڕی "العربیة"دا باسکراوە.
بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هاوسۆزییان
دەربڕیوە بۆ ئەو ڤیدیۆیە و بەڕاددەیەکی زۆر بەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە
و بەشێکی زۆریان هاوخەم بوون بۆ ئەو دۆخەی لوبنانی تێدایە.
جێی باسە سیستمی تەندروستی لە لوبنان بەرەو رووخان
دەچێت و بەشێکی زۆری نەخۆشخانەکانی ئەو وڵاتە کێشەی کەمبوونەوە و نەمانی ماددەی پزیشکیان
هەیە، هەروەها کارەبا بە بەردەوامی دەبڕێت بەهۆی کەمبوونەوەی ماددەی پیترۆڵییەوە کە
لوبنان لە ئێستادا نییەتی.