راستی وێنەی ئەو کچ و کوڕە چییە کە لە مزگەوتی حەرامدا گیراوە؟

PM:04:28:15/04/2022

46268 جار خوێندراوەتەوە

وێنەی کچێك و کوڕێك کە رێکارەکانی عەمرە بەجێدەهێنن لە ناو مزگەوتی حەرامدا بەڕاددەیەکی زۆر بەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە و هەزاران لایك و کۆمێنتی بۆکراوە و کاردانەوەی زۆری بەدوادا هاتووە، بەهۆی ئەوەی زۆرکەس وایدەزانی ئەو دوو کەسە هاوسەری یەکترن و ژنەکە لە سێبەری هاوسەرەکەیدا دانیشتوە.

لە وێنەکەدا کچێك دەرکەوتووە کە لە پشت پیاوێکدا لە سێبەرەکەیدا دانیشتووە، کە دەوترا ئەوە هاوسەرەکەیەتی، هەر ئەمەش وایکردووە وێنەکە بەڕاددەیەکی زۆر بەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوببێتەوە، وەك لە هەواڵێکی ماڵپەڕی "الیوم السابع"دا باسکراوە.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەم وێنەیە کە لەلایەن وێنەگرێکی سعودییەوە گیراوە لە مزگەوتی حەرامدا، ئەو کچە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە ئینستاگرام روونکردنەوەی داوە و وتوویەتی کە ئەو کوڕەی لەگەڵیدا بووە برایەتی نەك هاوسەری.

ئەو کچە کەناوی عەبیر نەجارە فەڵەستینیە و لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەژی نوسیویەتی، دڵخۆشە بەوەی وێنەکەی لەگەڵ براکەیدا هێندە ریاکتی بۆ هاتووە، و سوپاسگوزاری ئەو کۆمێنتە جوانانەیە.

هەروەها روونیکردووەتەوە کە ئەو وێنەیە بەڕێکەوت گیراوە لەو کاتەی کە لەگەڵ براکەی رێکارەکانی عەمرەیان بەجێدەهێنا و لە کۆتا رۆژیاندا بوون.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم وێنەیە لە مەکە گیراوە بەر لەوەی بچنە مەدینە، لەو کاتەی کە سەردانی کەعبەیان کردووە کەشەکە خۆر و گەرم بووە، بۆیە بۆ چەند خولەکێك لە پشت براکەی لە سێبەرەکەیدا دانیشتووە، کاتێکیش وێنەکەی گیراوە ئاگادار نەبووە و شۆكبووە بە بینینی دوای بڵاوبوونەوەی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.