پێگەی فەرمی نێتفلێکس لە یوتیوب یەکەم ترەیلەری وەرزی نوێی درامای ئیسپانی تاڵانی پارەی بڵاوکردەوە.
کۆمپانیای نێتفلێکس پێشتر
ئاماژەی بەوەکردبوو کە وەرزی پێنجەمی زنجیرە درامای تاڵانی پارە (لاکاسا دی پاپێڵ)
بە دوو بەش بڵاودەکرێتەوە، بەشی یەکەمی چەند ئەڵقەیەک لەخۆدەگرێت و لە رۆژی سێی ئەیلول
دەست بە پەخشکردنی دەکرێت و بەشی دووەمی بەهەمان شێوە چەند ئەڵقەیەکە لە سێی
کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا بڵاودەکرێتەوە، دوابەدوای ئەوەش ئێوارەی ئەمڕۆ لە پێگەی فەرمی
دراماکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام بابەتێک پۆستکراوە کە ئاماژەبەوەکراوە کە ڕۆژی
دووشەمەی هەفتەی داهاتوو یەکەم ترەیلەری ڤۆلیۆمی یەکی وەرزی نوێ بڵاودەکرێتەوە.
جێی باسە درامای تاڵانی
پارە درامایەکی ئیسپانییە و تا ئێستا چوار وەرزی لێ پەخشکراوە و وابڕیارە سەرەتای
مانگی ئەیلول وەرزی پێنجەمی دراماکە پەخش بکرێت، دراماکە بینەرێکی زۆری هەیە لە سەرتاسەری
جیهان و کەناڵی ئێن ئاڕتی دوو بە دۆبلاژی کوردی تەواوی بەشەکانی پەخشکردووە بۆ بینەران
و بەهەمان شێوە بۆ بەشی پێنجەمی دراماکەش وەک بەشەکانی دیکە پەخشدەکرێت.
چیرۆکی دراماکە خۆی لەوەدا
دەبینێتەوە پیاوێکی ئاڵۆز کە ناسراوە بە پرۆفیسۆر دەست دەکات بە خۆ ئامادەکردن بۆ
گەورەترین تاڵانی و دزی کە ئەنجامدرابێت لە مێژوودا، ئەو تاڵانییەش دەگەڕێتەوە بۆ
خەونێکی باوکی کە نەیتوانیبوو بەجێی بهێنێت بەهۆی ئەوەی لە کردەیەکی دزیدا گیانی لەدەست
دابوو، هەر بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵێک کەس کۆدەکاتەوە کە بەشێکی زۆریان پێشینەی
تاوانکارییان هەیە و پاشان ڕاهێنان و مەشقیان پێ دەکات و لەبارەی وردەکارییەکانەوە
پێیان دەڵێت، بە جۆرێک بەرنامە بۆدارێژراوانە کاردەکات کە تەنانەت ئەو کەسانەی کاری
لەگەڵ دەکەن ناوی یەکتری نازانن و لە جێگەی ئەوە ناوی شارەکان بەکار دەهێنن بۆ
بانگکردنی یەکتری.
لاکاسا دی پاپێل
ناسراو بە تاڵانی پارە و بە ئیسپانیLa casa de papel) )زنجیرەیەکی تاڵانکاریی ئیسپانیە و سیناریۆکەی کاری ئالێکس پینایە
و کاری دەرهێنانی لەلایەن جیزەز کۆڵمێنەرەوە بۆ ئەنجامدراوە یەکەم نمایشی لە ٢ی ئایاری
ساڵی ٢٠١٧ دا بوو و نمایشی بەشی چوارەمیشی لە ٣ی نیسانی ٢٠٢٠بوو، زنجیرەیەکە بووە یەکەم
بۆ زورترین بینراو لە لیستی زنجیرە بینییەکانی نێتفلیکس کە زیاتر لە ٦٥ ملیۆن بینەری
هەبوو لە ساڵی ٢٠١٨ دا و توانی خەڵاتی ئێمی بەدەست بهێنێت.