براد پیت سکاڵای یاسایی دژی ئەنجلینا جولی تۆمارکرد

PM:05:52:19/02/2022

8464 جار خوێندراوەتەوە

براد پیت سکاڵای یاسایی دژی ژنەکەی پێشووی، ئەنجلینا جولی، تۆمارکردووە و تۆمەتباری کردووە بە فرۆشتنی نیوەی کێڵگەی ترێکەی.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی TMZ ئەمریکی زانیارییەکانی لە بەڵگەی دادگاوە وەرگرتووە ئاماژەی بەوەکردووە، لە مانگی تەمموزی ٢٠٢١دا جولی سکاڵای یاسایی بەرزکردبووەوە کە ڕێگەی بدەن کێڵگە هاوبەشەکەی لەگەڵ پیت بفرۆشن، کە کاری بەرهەمهێنانی شەرابە.

لە مانگی تشرینی یەکەمدا پیت ڕێگەی دا بە فرۆشتنی بەشی خۆی لە کێڵگەی ترێکە، بە مەرجێک ئەو کەسەی بەشەکە دەکڕێتەوە رەزامەندی ئەوی لەسەر بێت و بەبێ ئاگاداریی ئەو بەشەکە نەفرۆشرێت، بەڵام دوای مانگێک پیت توشی سەرسوڕمان بوو کاتێک زانی بەشەکەی جولی بەبێ رەزامەندی ئەو بە بازرگانێکی روسی فرۆشراوە، بە ناوی یوری شیفلەر.

پێت ڕایگەیاندووە، جولی هیچ رەزامەندی ئەوی لە فرۆشتنی نیوەی کێڵگەکە وەرنەگرتووە و ئاگاداریی رێککەوتنەکەی نێوان جولی و بازرگانە روسییەکە نییە، هەر بۆیە لە دادگا سکاڵای یاسایی لەسەر جولی و ئەو بازرگانە بەرزکردووەتەوە و داوا دەکات رێککەوتنەکەیان هەڵبوەشێنرێتەوە و قەرەبووی زیانەکانیش بکەنەوە، کە بەهۆی فرۆشتنەکەوە کاریگەریی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگەکەیان کردووە.

ئ.ل