بوارێکی تری گرنگی هونەری حەسەن زیرەک بەکارهێنانی هۆنراوەی شاعیرە ناودارەکانی
کورد بووە، وەک: نالی، وەفایی، پیرەمێرد، بێکەس، سەید کامیلی ئیمامی و زۆری تر لە گۆرانییەکانیدا.
ئەوەش ڕێگایەکی دیکە بوو بۆ پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی پێگەی زمانی کوردی لە بواری هونەری
گۆرانیدا.
حەسەن زیرەک و جوانناسی (ئیستاتیکا)
فەلسەفەی جوانناسی یان ئیستاتیکا لقێکی گرنگی
فەلسەفەیە کە لەسەر جوانی، هونەر، چێژ، و سۆز دەوەستێت و پێوەری لەقالبدان و دیاریکردنی
ئاستی چۆنێتی بۆ دەستنیشان دەکات، جا بە جوان یان ناشیرین، یان باش و خراپ.
جوانناسی وەک لقێکی سەربەخۆی فەلسەفە، لە سەدەی
١٨ـدا پەرەی سەند. فەیلەسوفی ئەڵمانی ئەلێکساندەر گۆتلیب بۆمگارتن لە ساڵی ١٧٥٠ وشەی Aestheticaی بەکارهێنا و جوانناسیی وەک بوارێکی تایبەتی
فەلسەفی ناساند. لێرەوە جوانناسی بە شێوەیەکی زانستیتر و فەلسەفیتر پەرەی سەند. دواتر
فەیلەسوفانی گەورەی وەک کانت، هێگڵ، شۆپنهاوەر، نیچە، و زۆرانی تر بە شێوەی جیاواز
بە پرسی جوانی و هونەرەوە خەریک بوون.
بۆمگارتن پێی وابوو تەنها عەقڵ و زانین نییە
کە دەتوانێت جیهان بناسێت، بەڵکو هەست و تێگەیشتنیش جۆرێکە لە زانین.
بیرکردنەوە لە جوانی زۆر کۆنترە لە وشەی «جوانناسی».
لە فەلسەفەی یۆنانی کۆندا، فەیلەسوفان بەتایبەتی لەسەر جوانی و هونەر بیریان دەکردەوە.
ئەفلاتوون جوانی بە شتێکی زۆر قووڵتر لە دیمەن و ڕووکار دەزانی. لە دیدی ئەوەوە، ئەو
جوانییە تایبەتانەی دەیبینین دەتوانن مرۆڤ بەرەو تێگەیشتن لە «جوانیی خۆیی» ڕابکێشن.
ئەرستۆ زیاتر لەسەر هونەر و تایبەتمەندییەکانی
وەک ڕێکخستن، یەکگرتوویی، و کاریگەریی هونەر لەسەر مرۆڤ قسەی کرد و بەتایبەتی باس لە
تراژیدیا و کاریگەریی دەروونیی هونەر دەکات.
بەپێی ئەو پێوەرەی فەلسەفەی جوانناسیمان ناسی،
لێرەوە لایەنە فەلسەفییەکانی هونەری حەسەن زیرەکی بلیمەت و خاوەن ئەو هەست و سۆز و
بەهرە پڕشنگدارە بە کورتی دەخەینە ڕوو:
١. سۆزداریی
کاریگەر لەسەر هەست و سۆز «دیۆنیسیۆسی»
فەیلەسوف فریدریش نیچە باسی دوو هێز دەکات لە هونەردا: ئەپۆلۆنی (لۆژیکی)
و دیۆنیسیۆسی (سۆزداری و سەمای ڕووحی).
دەتوانین بێ هیچ گومانکردنێک هونەری حەسەن زیرەک تەواو بە «دیۆنیسیۆسی»
دابنێین. ئەو بەبێ هیچ فلتەرێکی هەست و بیر، جوانی و قوڵی ناخی مرۆڤ دەردەبڕێت. دەنگی
حەسەن زیرەک لە پانتاییەکی سۆزداریی بێسنووردا دەگات بە هەستی مرۆڤ و دەیجوڵێنێت.
٢. فەلسەفەی
سادەیی و دابڕان لە بۆتەی کۆمەڵایەتی
زیرەک ژیانێکی سادەی هەبوو لە قاڵبە کۆمەڵایەتییە دەستکردەکان خۆی قوتار
دەکرد و لێی هەڵدەهات؛ واتە یاخی بوو، تەنها شۆڕشەکەی هەست و پەیامی هونەر بوو. زیرەک
هونەرەکەی پێویستی بە ستۆدیۆ و مەشق نەبوو، بەڵکو لەناو خەڵک، شەقام، سەر جادە، چایخانە،
و سروشتەوە سەرچاوەی دەگرت. ئەوەش نیشانەی فەلسەفەی «ئازادیی ڕەها»یە کە هونەرمەند
حەسەن زیرەک خۆی نەبەستووەتەوە بە چوارچێوەیەکی دیاریکراوی لەقالبدراو.
٣. ڕەسەنایەتی
لە بوونگەراییدا
لای فەلسەفەی بوونگەری، مرۆڤی ڕەسەن ئەو کەسەیە کە خۆیەتی و کۆپیی کەس
ناکات. حەسەن زیرەک کەسایەتییەکی بێوێنە بوو؛ شێوازی وتنی مەقام و گۆرانی و بەستەکانی
تایبەت بە خودی خۆی بوون. ئەو زمانەی ئەو بەکاری دەهێنا، زمانی زیندووی ناو خەڵک بوو.
٤. دەنگ و
هونەرەکەی وەک زمانێکی گشتگیر بۆ ئازار
لە ڕووی فەلسەفەی زمانەوە، هەندێک جار وشەکان مانا ناپێکن و کورت دەهێنن
بۆ دەربڕین لە ئازار. حەسەن زیرەک بە چرپە، بە لایەلایە، و بە هاوارەکانی، مانا بە
دەنگ دەبەخشێت کە لە سەرووی سنوری زمانەوەیە و دەیگەیەنێت بە گوێی ئەوانی تر.
بە بۆچوونی من، حەسەن زیرەک تەنها بە دەنگی خۆش
و گۆرانییەکانی جیاواز نییە، بەڵکو چەند تایبەتمەندییەکی کۆکراوە وای کردووە لە نێو
تاکی کورد و گۆرانیبێژانیشدا جێگایەکی تایبەتی هەبێت.
دەنگی حەسەن زیرەک پڕ سۆز، بەرز، تایبەت، خۆش،
نەرمە و ناسراوە. دەنگەکەی خەسڵەتێکی خەمگین، قووڵ، و پڕ لە هەستە، بە جۆرێک کە لە
یەکەم دەنگەوە دەکرێت بناسرێتەوە. پڕە لە: هەست، سۆز، ئەوین، جوانی، میهرەبانی، بیرەوەری،
خۆشی، بەخشندەیی، بەهێزی، و دڵنشینی.
لە کۆتاییدا دەتوانم بڵێم: حەسەن زیرەک گەنجینەی
هونەری گۆرانیی کوردی دەوڵەمەند کرد. ئەو زۆری بەخشی بە کورد، بەڵام کورد جگە لە خەم
و ئازار هیچی پێ نەبەخشی.