خەمڵاندنە زانستییەکان بوونی یەکێک
لە کۆنترین درەختە ناسراوەکانی زەیتونیان لە پورتوگال ئاشکرا کرد. بەپێی
پێشبینییەکان، تەمەنی درەختی "Oliveira do Peso"دەگاتە نزیکەی ٣٧٠٠ ساڵ، ئەمەش بەو
مانایەیە کە گەشەکردنی لە دەوروبەری ساڵی ١٧٠٠ی پێش زاین (لە سەردەمی بڕۆنزدا)
دەستی پێکردووە.
ئەم درەختە لە ناوچەی
"ئالێنتێخۆ" لە باشووری پورتوگال گەشە دەکات و بڕوا وایە کۆنترین درەختی
زەیتون بێت کە تا ئێستا لەو وڵاتەدا دیاری کرابێت، تەنانەت توێژینەوەیەک ئاماژە
بەوە دەدات کە تەمەنی وردی دەگاتە ٣٧١٢ ساڵ.
دیاریکردنی تەمەنی دروستی درەختە
کۆنەکان ئاڵنگارییەکی زانستییە، چونکە ناتوانرێت پشت بە ژماردنی ئەڵقەکانی گەشەی
ساڵانە ببەسترێت. لەگەڵ تێپەڕبوونی هەزاران ساڵدا، ڕەنگە بەشێک لە قەدی ناوەوەی
درەختەکە شیببێتەوە، جگە لەوەی درەختی زەیتون ئەڵقەی گەشەی ڕێك پێکنەهێنێت.
لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە، توێژەرانی زانکۆی
"تراس ئۆس مۆنتێس و ئەلتۆ دۆرۆ" بە هاوکاری لەگەڵ دامەزراوەی
"ئۆلیڤێراس"، ڕێگەیەکی نوێیان بەبێ زیانگەیاندن بە درەختەکە پەرەپێداوە.
ئەم تەکنیکە دەستنیشانکردنە پشتی بە پێوانی تیرەی قەد، دەوروبەر، بەرزایی و
نیوەتیرەکەی بەستووە و داتاکان دەخاتە ناو مۆدێلێکی بیرکارییەوە. ئەمەش ڕێگە دەدات
بە خەمڵاندنی تەمەنی درەختەکان بەبێ بڕینەوەیان یان تێکدانی قەدیان.
ئەم ڕێگەیە بەکارهێنراوە بۆ
خەمڵاندنی تەمەنی درەختی "Oliveira do
Mouchão" لە نزیک
"ئەبرانتس" بە ٣٣٥٠ ساڵ، لەگەڵ چەندین درەختی تر کە تەمەنیان لە نێوان
٢٤٠٠ تا ٢٨٥٠ ساڵدایە.
تایبەتمەندی درەختی "ئۆلیڤێرا
دو پیسۆ" تەنها لە تەمەنەکەیدا قەتیس نابیێتەوە، بەڵکو تا ئەمڕۆش بەردەوامە
لە بەرهەمهێنانی زەیتون. بەرزاییەکەی شەش مەترە و دەوروبەری قەدەکەی دەگاتە ۱۰ مەتر.
توێژەران پێیان وایە بەهرەی درەختی
زەیتون لە نوێکردنەوەی شانەکانی خۆیدا یارمەتی دەدات بۆ مانەوە بۆ ئەم ماوە درێژە؛
ڕەنگە بەشە کۆنەکانی قەدەکەی بمرن، بەڵام بەشەکانی تر بە زیندوویی دەمێننەوە و
توانی گەشەکردنی قەدی نوێیان هەیە.
ئەگەر ئەم ئەنجامانە ڕاست ببنەوە،
ئەوا ئەم درەختە لە سەردەمی بڕۆنزەوە گەشەی کردووە؛ واتە سەدان ساڵ پێش سەرهەڵدانی
ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی و زیاتر لە هەزار ساڵ پێش لەدایکبوونی ئەسکەندەری مەزن.