ماڵێکی مێژوویی لە بەریتانیا دەفڕۆشرێت

AM:10:02:31/08/2026

3964 جار خوێندراوەتەوە

ماڵێکی مێژوویی کە تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٥٠٠ ساڵ لە ناوچەی کۆرنوۆڵ لە بەریتانیا، بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە و بۆ دووەمجار لە ساڵی ١٩٤٥ەوە خرایە فرۆشتنەوە بە بڕی نزیکەی ١٧ ملیۆن دۆلار.

بەپێی ماڵپەڕی گۆڤاری "کەنتری لایف"، ماڵەکە کەوتووەتە نیمچە دوورگەی "ڕۆزلاند" لەسەر کەناراوی باشووری بەریتانیا؛ دوو میل دوورە لە گوندی "پۆرتسکاسۆ"، ١٧ میل لە شارۆچکەی ترورۆ، و ١٩ میل لە فڕۆکەخانەی نیوکای. ڕووبەری گشتی موڵکەکە نزیکەی ٧٤ هێکتارە و ڕوانینێکی ڕاستەوخۆی هەیە بۆسەر کەناراوەکان، هەروەها ڕووبەرێکی ئاوی بە درێژایی نزیکەی ١٦٠٠ مەتر لەسەر کەنداوی "جێرانز" لەخۆدەگرێت.

لە ڕووی پێکهاتەوە، ماڵەکە لە ٦ ژووری نووستن، ٦ ژووری میوانداری، ٤ گەرماو، چێشتخانەیەکی گەورە، ژووری خوێندن، ژووری ژەمی بەیانیان و ژوورێکی تایبەت بە ڕێکخستنی گوڵ پێکهاتووە.

مێژووی تۆمارکراوی ماڵە سەرەکییەکە (ڕۆستیگ مانۆر) دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٣٦٣، کە "ڕاڵف دی ڕێستاک" یەکەم نیشتەجێی تۆمارکراوی بووە. دواتر لە سەدەی شازدەهەمدا لەلایەن خێزانی "مۆهون" کڕدراوە، بەرلەوەی لە ساڵی ١٦٢٠دا بە "نیکۆلاس کیمپ" بفرۆشرێت و بۆ چەندین نەوە لەژێر دەستی ئەو خێزانەدا بمێنێتەوە. لە ساڵی ١٧٨٠دا "هێنری هارس" موڵکەکەی کڕییەوە، لەکاتێکدا لە سەردەمی جەنگی جیهانی دووەمدا وەک شوێنی نیشتەجێبوونی ئەندامانی "سوپای کشتوکاڵی ئافرەتان" بەکارهاتووە.