هەنجیر یان خورما، کامیان سەرچاوەی باشترە و زۆرترین ڕیشاڵی تێدایە؟

AM:09:06:31/08/2026

5944 جار خوێندراوەتەوە

هەنجیر و خورما هەردووکیان دەوڵەمەندن بە سوودی خۆراکی و هەڵبژاردەیەکی نموونەیین بۆ ئەوانەی بەدوای زیادکردنی ئاستی ڕیشاڵدا دەگەڕێن لە سیستمی خۆراکییاندا، بەڵام ڕێژەکەیان بەشێوەیەکی بەرچاو دەگۆڕێت بەپێی بارودۆخی میوەکە.

بەپێی وتەی شارەزایانی ماڵپەڕی "Verywell Health"، کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە ڕیشاڵەوە دەبێت، هەنجیری وشکراوە بەسەر خورمای وشکراوەدا سەردەکەوێت، بەجۆرێک ژەمێکی ١٠٠ گرامی لە هەنجیری وشکراوە نزیکەی ٩.٨ گرام ڕیشاڵی تێدایە، لە بەرامبەر ٦.٧ گرام بۆ هەمان بڕ لە خورمای وشکراوە.

بەڵام لە حاڵەتی تازەیدا خورما بە جیاوازیکی کەم سەردەکەوێت، ژەمێکی ١٠٠ گرامی لە خورمای تازە نزیکەی ٣.٥ گرام ڕیشاڵ دابین دەکات بەراورد بە ٢.٩ گرام لە هەنجیری تازەدا.

زیادبوونی ڕێژەی ڕیشاڵ و توخمە خۆراکییەکان لە جۆرە وشکراوەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ چڕبوونەوەی پێکهاتەکانیان دوای لەدەستدانی ئاو، بەڵام ئەمەش بەرزبوونەوەی کالۆری و شەکری لەگەڵدایە؛ چونکە ١٠٠ گرام لە هەردوو جۆرە وشکراوەکە نزیکەی ٢٧٧ کالۆری تێدایە، کە ئەمەش پێویستی بە میانڕەوی دەکات لە خواردنیاندا.

سوودەکانی هەنجیر و خورما تەنها لە ڕیشاڵدا کۆنابێتەوە کە پشتیوانی کۆئەندامی هەرەس دەکات و هەستی تێربوون بەهێز دەکات، بەڵکو ڤیتامینەکانی B، ئاسن، مەگنیزیۆم، پرۆتین، پۆتاسیۆم و دژەئۆکسێنەرەکانیش دابین دەکەن کە دڵ لە هەوکردن دەپارێزن.

بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین سوودی خۆراکی و ڕێکخستنی ئاستی شەکر لە خوێندا، شارەزایانی خۆراک ڕێنمایی دەدەن بە تێکەڵکردنی هەنجیر یان خورما لەگەڵ سەرچاوەکانی پرۆتین یان چەورییە تەندروستەکان؛ وەک گوێز، چەرەسات، یان زیاتکردنیان بۆ قاپێک شۆفان و ماست.

هەروەها پێویستە ئەو کەسانەی دەرمانی ڕوونکردنەوەی خوێن دەخۆن، ڕەچاوی ڕێژەی ڤیتامین K بکەن کە بە بڕێکی زۆر لە هەنجیردا هەیە و ڕاوێژ بە پزیشکی پسپۆڕ بکەن.