توێژینەوەیەک: خێرایی خولانەوەی زەوی کەم دەبێتەوە

PM:05:29:16/03/2026

152 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەکی نوێ هۆشدارییەکی ترسناک دەدات، زەوی خاوتر دەسووڕێتەوە و ڕۆژەکانمان درێژتر دەبن، هەموو ئەمانەش بەهۆی توانەوەی بەستەڵەکەکانەوەیە.

بەپێی توێژینەوەیەکی نوێ کە لە ماڵپەڕی "Gizmodo" بڵاوکراوەتەوە، زانایان هۆشداری دەدەن کە خێرایی خولانەوەی هەسارەی زەوی بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بووەتەوە.

توێژەرانی زانکۆکانی ڤیێنا و زوریخ ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم گۆڕانکارییە پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان و توانەوەی بەستەڵەکەکانەوە هەیە کە بەهۆی چالاکییەکانی مرۆڤ و گۆڕانی کەشوهەواوە دروست بووە.

زاناکان ڕوونی دەکەنەوە کە کاتێک سەهۆڵبەندانەکانی جەمسەرەکان دەتوێنەوە، بڕێکی زۆر لە ئاو بەرەو ناوچەکانی کەمەرەی زەوی دەچێت، ئەمەش دەبێتە هۆی گۆڕینی دابەشبوونی کێشی زەوی.

ئەم پرۆسەیە هاوشێوەی یاریزانێکی سەر سەهۆڵە کاتێک لە کاتی خولانەوەدا دەستەکانی درێژ دەکات و خێراییەکەی کەم دەبێتەوە بە هەمان شێوە زەویش کاتێک کێشەکەی لە ناوەڕاستدا زیاد دەکات، خاوتر دەسووڕێتەوە.

ئەم دۆزینەوەیە لە ڕێگەی پشکنینی پاشماوەی زیندەوەرە دەریاییە زۆر بچووکەکان "فۆرامینیفێرا" و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکردی پێشکەوتوو بەدەست هاتووە.

ئامارەکان نیشانی دەدەن کە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٠ بۆ ٢٠٢٠، درێژیی ڕۆژ بە ڕێژەی ١.٣٣ میلی چرکە لە هەر سەدەیەکدا زیادی کردووە، ئەمەش خێراترین کەمبوونەوەی خولانەوەی زەوییە لە ٣.٦ ملیۆن ساڵ پێش ئێستا. پرۆفیسۆر بێنێدیکت سۆجا دەڵێت "ئەم داتایانە دەسەلمێنن کە کاریگەریی مرۆڤ لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت جووڵەی فیزیکیی هەسارەکەشمان دەگۆڕێت".

ئەم زیادبوونەش لە درێژی ڕۆژدایە، هەرچەندە بە چاوی مرۆڤ هەستی پێ ناکرێت، بەڵام نیشانەیەکی مەترسیداری تێکچوونی هاوسەنگیی سروشتیی زەوییە.