مێسی سەردانی هیندستانی کرد بەڵام کێشە دروستبوو

PM:01:12:13/12/2025

5652 جار خوێندراوەتەوە

مێسی سەردانی هیندستانی کرد و پەردە لەسەر پەیکەرەکەی لابرا بەڵام خەڵکی ئەو وڵاتە توڕەبوون.

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی شەوی رابردوو گەیشتە وڵاتی هیندستان بە یاوەری لەگەڵ چەند یاریزانێکی یانەی ئینتەر میامی کە گرنگترینیان لویس سوارێز و رۆدریگۆ دی پاول بوون.

لە کاتی سەردانەکەی لیۆنێل مێسیدا پەردە لەسەر پەیکەری ئەو ئەستێرەیە لابرا کە لە شاری لەیک تاونە و بەرزیەکەی 70 پێیە و رەنگێکی زێڕینی هەیە و جامی مۆندیالیشی بەدەستەوەیە کە ئەو پەیکەرەش هێمای خۆشەویستی هیندیەکانە بۆ ئەو ئەستێرەیە.

مێسیش لە لێدوانێکیدا سوپاسی پێشوازیە گەرمەکەی خەڵکی ئەو وڵاتەی کرد و ئامادەبوونی لەو وڵاتە بە شانازیەکی گەورە زانیوە، دوپاتیکردەوە کە هیندیەکان لە مۆندیالدا پشتگیری زۆری ئەرجەنتینیان کردووە.

لە کاتی سەردانەکەدا، چەندین کەسایەتی ناوداری هیندستان پێشوازیان لە لیۆنێل مێسی کرد کە گرنگترینیان شاهرۆخانی ئەکتەری ناوداری جیهان و وەزیری حکومەتی رۆژئاوای بەنگال و ئەندامانی ئەنجومەنی یاسادانان بوون.

بەڵام دواتر شەڕ و ئاڵۆزی لە سەردانەکەی میسیدا رویدا بەهۆی ئەوەی کە خەڵکی هیندستان تووڕەبوون لەوەی کە پارەیەکی زۆریانداوە بۆ بینینی ئەو یاریزانە بەڵام تەنها بەرپرسەکان توانیویانە لە نزیکەوە بیبینن و تەنها ئەوان وێنەیان لەگەڵدا گرتووە.