بارانبارین دەستیپێکرد؛ کەشناسی هۆشداری دەدات

PM:02:06:07/12/2025

7448 جار خوێندراوەتەوە

شەپۆلی بارانبارین گەیشتە هەرێم و کەشناسیش دەڵێت، لە هەندێک شوێن ئەگەری دروستبوونی لافاو هەیە و پلەکانی گەرماش تا هەشت پلە دادەبەزن، لە سێ پارێزگاکەی هەرێمیش ئامادەکاری بۆ حاڵەتی نەخوازراو کراوە و داوا دەکرێت کەس سەردانی شاخەکان نەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٧ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٥، هاوکات کەشناسی هەرێم وتی، لە سبەینێوە کاریگەری بارانبارینەکە زیاتر دەبێت و سەرجەم ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەگرێتەوە و لە هەندێک ناوچەش لێزمە باران دەبارێت لەگەڵ زیادبوونی خێرایی با لە هەندێک کاتدا.

بەپێی پێشبینییەکانیش، سبەینێ پلەکانی گەرما چوار بۆ شەش پلە نزمدەبنەوە و لە ناوچە شاخاوییەکنیش شەش بۆ هەشت پلە دادەبەزن.

لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمیش،ئامادەکاری بۆ ئەگەری دروستبوونی لافاو کراوە و هۆشداریش بە هاوڵاتیان دراوە کە دوور بکەونەوە لە ناوچە شاخاوییەکان و لە ماڵەوە بمێننەوە.

هاوکات لە ٢٤ کاتژمێری رابردووشدا، لە ئامێدی و کانی ماسێی سنووری دهۆک، ١٦ ملیم باران باریووە و لە هەندێ ناوچەی تریش بە رێژەی کەمتر باران باریوە.