وادەی کۆتاییهاتنی شەپۆلی بارانبارین راگەیەندرا

PM:03:04:16/11/2025

104 جار خوێندراوەتەوە

کەشناسی هەرێم دەڵێت، شەپۆلی بارانبارین بەردەوامە و لە هەندێک ناوچەدا هەورە برووسکەشی لەگەڵدا دەبێت، سبەینێ کاریگەری شەپۆلی بارانبارین کۆتایی دێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥، کەشناسی هەرێم دەڵێت، کاریگەرى ئەم شەپۆلى باران بارینە ئەمڕۆش بەردەوامە و ئاسمانى هەرێم بە گشتى هەورى تەواو دەبێت و هەندێ کات بەشێوەى نمە بارانى پچڕ پچڕ دەبێت لە زۆربەى ناوچە جیاجیاکاندا.

دەشڵێت، بەڵام لە ناوچە شاخاوییەکان ئاستى دابارین زیاتر دەبێت، لە دواى نیوەڕۆ ئاستى باران زیاتر دەبێت لەسەر بەشێک لە سنوورى باشوورى پارێزگاى هەولێر و پارێزگاى کەرکوک و هەروەها بەشێک لە ئیدارەى گەرمیان، لە کاتى باران بارین ئەگەرى هەورە تریشقەش هەیە ولە شەودا کاریگەرى ئەم شەپۆلە کۆتاى دێت.

وتیشی، پلەی گەرما بەگشتی یەک بۆ دوو پلە و لە ناوچە شاخاویەکانیش دوو بۆ سێ پلە نزم دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ.

لەبارەی کەشی سبەینێش وتی، لە کاتەکانى بەرەبەیان ئەگەرى دروست بوونى تەم هەیە لەسەر زۆربەى ناوچە شاخاوییەکان پاشان ئاسمان دەگۆڕێت بۆ ساماڵ و پەڵە هەور و کاریگەرى شەپۆلى باران بارین کۆتاى دێت.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر : ٢١ پلەی سیلیزی

سلێمانی : ١٧ پلەی سیلیزی

دهۆک : ١٧ پلەی سیلیزی

زاخۆ:١٧پلەی سیلیزی

کەرکوک : ٢٠ پلەی سیلیزی

هەڵەبجە : ١٩ پلەی سیلیزی

سۆران : ١٨ پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران : ٩ پلەی سیلیزی

گەرمیان : ٢٢ پلەی سیلیزی