لەکاتی دزیکردن خەوی لێکەوت و دەستگیرکرا

AM:11:58:08/11/2025

8912 جار خوێندراوەتەوە

لە رووسیا رووداوێکی دزیکردن بووەتە جێی سەرسوڕمانی میدیاکانی وڵاتەکە و کەسێک لە هەوڵی دزیکردندا خەوی لێکەوتووە و دواتر دەستگیرکراوە.

بە گوێرەی میدیا جیهانییەکان، لە ناوچەی ئەمورسکایای رۆژهەڵاتی رووسیا، کەسێک پلانی داناوە بۆ دزیکردن لە ماڵی ژنێکی بەساڵاچوو، هەر بۆیە شەوێک پێش رووداوەکە چووەتە ماڵەکە تا دزییەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجامبدات، بەڵام لە گەرمەی گەڕان بەدوای شتومەکی بەنرخەوە، لە ناوەڕاستی دزیکردنەکەیدا خەوی لێ کەوتووە.

پۆلیسی ناوچەکە لەبارەی رووداوەکە وتی، خاوەن ماڵەکە ژنێکی ٥٤ ساڵان بووە و شەوی پێشووتر ماڵی بەجێهێشتووە، رۆژی دواتر کە هاتووەتەوە ماڵەوە دەرگای کردووەتەوە، ئەو پیاوەی بە خەوتوویی لە ماڵەکەیدا ڕاکشاوە و تەنانەت بە تەقەی دەرگاکەش خەبەری نەبووەتەوە.

وتیشیان، خاوەن ماڵ بە زووترین کات پەیوەندی بە پۆلیسەوە کردووە و ئەو کەسەش دەستگیرکراوە کە لەکاتی دزیکردندا خەوی لێکەوتووە.