پێشبینی دەکرێت سەدان نەیزەک لە ئاسمان ببیندرێت

PM:01:01:12/08/2025

868 جار خوێندراوەتەوە

لە شەوی ١٢ی ئاب و بەیانی ١٣ی ئابدا، جیهان شاهیدی یەکێک لە دیاردە سەرنجڕاکێشەکان دەبێت کە بارانبارینی نەیزەکی پێرسیدە، لەو شەودا بە خێراییەکی زۆر ١٢٠ نەیزەک لە کاتژمێرێکدا ببیندرێت

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی " space"پێشبینی نمایشێکی سەرنج راکيشی نەیزەکەکان دەکرێت، کە لەهەر کاتژمێرێکدا ١٢٠ نەیزەک دەبیندرێت.

نەیزەکی پێرسید جۆرێکە لە بارانبارینی نەیزەک، کە لە دوورەپەرێزێکەوە هاتووە کە ناوی "سویفت – تاتڵە"لە هەر ١٣٣ ساڵ جارێک بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، تەنۆلکەکانی تۆزی دوورەپەرێزەکە بە خێرایی نزیکەی ٣٧ میل (٥٩ کیلۆمەتر) لە چرکەیەکدا دەچنە ناو بەرگەهەوای زەوییەوە، لەکاتی ئەنجامدانی ئەم کارەدا دەسوتێن و ئەو ڕووناکییانە دروست دەکەن کە ئێمە پێیان دەڵێین نەیزەک، ئەمانە زیاتر لە تەنۆلکەکان پێکهاتوون کە تەمەنیان هەزاران ساڵە هەروەها ساڵانە جارێک گەردیلە هەورە پەرشوبڵاوەکان کارلێک لەگەڵ توێکڵی زەوی دەکەن و نمایشێکی نایاب بە بارانبارینی نەیزەکی دروست دەکەن.

یەکێک لە فەلکناسەکان دەڵێت " بیهێنە بەرچاوت کە ئێستا ئۆتۆمبێلەکەت لێدەخوڕیت و بەڕێکەوت هەنگاو دەنێتە ناو هەورێکی کەمی دوکەڵەوە کە بەهۆی سووتانی دارێکەوە لە کەناری ڕێگاکەدا دروست بووە، ئەمەش ڕێک ئەمەیە کە لە ئاسماندا ڕوودەدات، زەوی لە ٣٦٥ ڕۆژدا جارێک بە دەوری خۆردا دەسوڕێتەوە، کاتێک بەو ناوچەیەدا تێدەپەڕێت، دەچێتە ناو ئەو پاشماوە بەردینانەی کە دوورەپەرێزێک یان ئەستێرە بچووکێک لە دوای خۆی بەجێیان هێشتووە، کاتێک ئەمە ڕوودەدات ئەم پاشماوە بەردینانە بە خێراییەکی زۆر دەچنە ناو بەرگەهەوای زەوی ئەمانەش ئەو نەیزەکیانەن کە لە ئاسماندا دەیبینین"

ژمارەی نەیزەکەکان کە دەردەکەون رەنگە زۆر یان کەم بێت ئەمەش بەندە بە قەبارەی ئەو پاشماوە بەردینەی کە زەوی پێیدا تێدەپەڕێت، پلەیەکی بەرزی گۆڕانکاری لە نێوان ژمارەی نەیزەکەکان لە بارانبارینی نەیزەکیدا جیاوازی هەیە، ڕەنگە لە یەک شەودا تا ٤٠٠ نەیزەک ببینین، وەک ئەوەی بەزۆری لە حاڵەتی پێرسیدەکاندا ڕوودەدات بە تایبەت لە شوێنانەی دوور لە رووناکین یان ڕەنگە تەنها ١٠ نەیزەک ببینین.

بۆ ئەوەی بتوانیت زۆر بە جوانی دیمەنی نەیزەکەکان لە ئاسمان ببینیت، پێویستە لە ناوچە رووناکەکان و ئاوەدانەکان دوور بکەویتەوە، باشترین کاتیش بۆ بینین لە دوای نیوەی شەوەوەیە هەروەها چالاکیی نەیزەکەکان لە بەیانیاندا زیاد دەکات.