بۆچی لە هاویندا خۆشتن بە ئاوی سارد مەترسیدارە؟

AM:09:06:25/06/2025

9476 جار خوێندراوەتەوە

لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە هاویندا، زۆر کەس پەنا بۆ خۆشتن بە ئاوی سارد سارد دەبەن بۆ ئەوەی بە خێرایی سارد ببنەوە، بەڵام پسپۆڕانی تەندروستی هۆشداری دەدەن لەوەی کە ئەمە کاریگەری خراپی هەبێت و تەنانەت ئەگەری هەیە مەترسی لەسەر جەستە دروست بکات بەتایبەت لە گەرمای زۆردا.

توێژینەوەکە لە ڕۆژنامەی"The Conversation"بڵاوکراوەتەوە، توێژەران ڕوونیان کردەوە خۆشتن بە ئاوی سارد ڕاستەوخۆ دوای بەرکەوتنی خۆر یارمەتی جەستە نادات بۆ دابەزاندنی پلەی گەرمی ناوەوەی بەڵکو لەوانەیە ببێتە هۆی ڕاگرتنی گەرما و زیادبوونی فشار لەسەر دڵ.

ئەوان دەڵێن " خۆشتن بە ئاوی سارد ، خوێنبەرەکانی نزیک ڕووی پێست تەسک دەبنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕۆیشتنی خوێن و دەبێتە هۆی ئەوەی جەستە گەرمی لە ئەندامەکانی ناوەوەدا بهێڵێتەوە"، ئەمەش بەرپەرچدانەوەی میکانیزمی ساردبوونەوەی سروشتی جەستە دەداتەوە بە زیادکردنی ڕۆیشتنی خوێن بۆ پێست.

توێژەران پشتڕاستی دەکەنەوە کە گواستنەوەی لەناکاو لە بارودۆخی زۆر گەرمەوە بۆ ئاوی زۆر سارد دەبێتە هۆی ئەوەی کە بە "شۆکی سارد" ناسراوە، تەسکبوونەوەی توندی خوێنبەرەکان و بەرزبوونەوەی لەناکاوی پەستانی خوێن، ئەمەش مەترسی لەسەر ئەو کەسانە دروست دەکات کە نەخۆشی دڵیان هەیە و لە حاڵەتە دەگمەنەکاندا دەبێتە هۆی تێکچوونی لێدانی دڵ یان تەنانەت مردن.

لەبری ئەوەی پەنا بۆ خۆشتن بە ئاوی سارد ببەن، پسپۆڕان پێشنیاری بەکارهێنانی ڕێگەی سەلامەتتر دەکەن وەک خۆشتن بە ئاوی شلەتێن یان دانانی خاولی سارد و تەڕ لەسەر جەستە، هەروەها پێشنیاری خواردنەوەی ئاوی زۆر و دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە کهولیەکان و لەبەرکردنی جلوبەرگی ڕەنگ کاڵ دەکەن.