یوتیوبەرێک بە ناوی جۆزێف ئێڤێرت بڕیاریدا تاقیکردنەوەیەکی
جیاواز ئەنجامبدات کە ڕۆژانە ٣٠ هێلکە بخوات بۆ ماوەی مانگێک.
ماڵپەڕی " The Indian Express" بڵاویکردووەتەوە، جۆزێف ئێڤێرت لە ماوەی یەک مانگێکدا ٩٠٠ هێلکەی
خوارد ئەمەش لەسەر بنەمای ئەو خۆراکەی کە لەلایەن ڤینس جیرۆندا یاریزانی پێشووی لەشجوانییەوە
بەناوبانگ بووە کە ئاماژەی بەوە دەکرد خواردنی زۆر یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی
ماسولکەکان بە شێوەیەکی زۆر خێرا.
ئێڤێرت ئەزموونەکەی لە کەناڵی یوتیوبی خۆی
بڵاوکردووەتەوە، پشتی بە هێلکە بەستووە وەک سەرچاوەی سەرەکی پرۆتینی خۆی، بە شێوەی
جۆراوجۆر دەیخوارد و هاوکات رۆژانەش ڕاهێنانی بەرزکردنەوەی قورسایی ئەنجامداوە.
هەرچەندە ئەنجامی پشکنینەکان زیادبوونی کۆلیسترۆڵی باشی
دەرخستووە، هیچ گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە کۆلیسترۆڵی خراپدا نەبینراوە، بەڵام ئێڤێرت
لە ڕۆژی بیستەمی تاقیکردنەوەکەدا بارودۆخی تەندروستی تێکچوو، تووشی گرژبوونی توند
و قەبزی بوو بەڵام دواتر بارودۆخی باشتر بوو.
کانیکا مالهۆترا پسپۆڕی بواری خۆراک لە لێدوانێکدا لەسەر
تاقیکردنەوەکە هۆشداریی دا لە مەترسییە تەندروستییەکانی خواردنی زیاتر لە ٣٠ هێلکە
لە ڕۆژێکدا، وەک بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵ، کێشەی هەرسکردن، ناهاوسەنگی ماددە خۆراکیەکان
و زیادبوونی مەترسی ژەهراویبوونی سالمۆنێلا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێلکە سوودی هەیە بۆ دروستکردنی
ماسولکە ئەگەر بە شێوەیەکی مامناوەند بخورێت چونکە پرۆتینی کوالیتی بەرزی تێدایە،
لەگەڵ ئەوەشدا هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە کە
زیادەڕۆیی لە خواردنی دەبێتە هۆی زیادبوونی ماسولکەکان بە شێوەیەکی زۆر خێرا.
مالهۆترا پێشنیاری پەیڕەوکردنی ڕێجیمێکی هاوسەنگ دەکات کە
پێداویستییەکانی تاک و ئاستی چالاکیی جەستەیی لەبەرچاو بگرێت، نەک پەنا بۆ تاقیکردنەوەی
خۆراکی توند ببرێت کە دەتوانێت ببێتە هۆی ئاڵۆزییە تەندروستییەکان.