هەندێک کەس لە بەیانیاندا
خۆیان دەشۆن بۆ ئەوەی ڕۆژەکەیان بە وزەوە دەست پێبکەن، هەندێکی دیکەش پێیان باشە شەوانە
خۆیان بشۆن بۆ ئەوەی دوای ڕۆژێکی درێژ جەستەیان پشوو بدات.
بەڵام لێکۆڵینەوە
زانستییەکانی ئەم دواییە ئاماژە بەوە دەکەن کە کاتی خۆشتن ڕەنگە کاریگەری ڕاستەوخۆی
هەبێت لەسەر پاکوخاوێنی کەسەکە و خەو و تەنانەت تەندروستی گشتیشی، لەم بارەیەوە پریمرۆز
فریستۆن، مامۆستای مایکرۆبایۆلۆجی لە زانکۆی لێستەر دەڵێت " کاتی خۆشتن کاریگەری
بایۆلۆجی گرنگی هەیە، لەرووی تەندروستییەوە خۆشتن لە بەیانیاندا تەندروستترە"
فریستۆن لە بابەتێکدا
کە لە گۆڤاری "The Conversation" بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات
خۆشتن لە بەیانیاندا یارمەتی لابردنی خانە مردووەکانی پێست و ئارەقکردنەوە و بەکتریا
دەدات کە لە کاتی خەوتندا کۆدەبنەوە، بۆنی ناخۆش کەمدەکاتەوە.
هەرچەندە لە ئێواراندا
بە هەمان شێوە ئەو بەکتریا و ماددە پیسانە لادەبات کە لە ڕۆژدا لەسەر پێست کۆبوونەتەوە،
بەڵام ئارەقەکردنەوە لەکاتی خەوتندا دووبارە پێست ئەو چەوریانە دەردەداتەوە و خۆراک
دەدات بە میکرۆبەکانی پێست، ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونیان و کەڵەکەبوونیان.
ئەمەش لە بەرامبەردا
ژینگەیەکی گونجاو بۆ بەکتریاکان دروست دەکات کە خۆراک لە خانە مردووەکانی پێست دەخۆن
و لەوانەیە ببنە هۆی هەستیاری یان تەنگەنەفەسی توندتر بکات، بە تایبەت کاتێک بەرگی
جێگەکەت نەگۆڕیت.
فریستۆن باس لەوە
دەکات کە خۆشتن لە بەیانیاندا سەرەتایەکی پاک بە جەستە دەبەخشێت و ئەگەری بڵاوبوونەوەی
بەکتریا و بۆن بە درێژایی ڕۆژ کەمدەکاتەوە.
جەختی لەوەشکردەوە
شۆردنی بەردەوام یان گۆڕینی بەرگی جێگاکەت لانیکەم هەفتەی جارێک گرنگە چونکە یارمەتی
لابردنی بەکتریاکان دەدات.