رۆژەکەت بە خواردنی یەک سێوی سەوز دەستپێبکە

AM:08:46:18/05/2025

4792 جار خوێندراوەتەوە

سێوی سەوز تامێکی تایبەت و جیاوازی هەیە، بە خواردنێکی تەندروست و کەم کالۆری دادەندرێت ئەمەش وایکردووە ببێتە هەڵبژاردەیەکی گونجاوە وەک بەشێک لە خۆراکی هاوسەنگ.

لە ماڵپەڕی "eremnews" بڵاوکراوەتەوە، سێوی سەوز بە بەهای بەرزی خۆراکی ناسراوە، سێوێکی قەبارە مامناوەند نزیکەی ٩٥ کالۆری و ٢٥ گرام کاربۆهیدرات و ٤ گرام ڕیشاڵی خۆراکی تێدایە و بە تەواوی دوورە لە چەوری و کۆلیسترۆڵ هەروەها سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە ڤیتامین و کانزا سەرەکییەکانی وەک ڤیتامین A و ڤیتامین C و کالیسیۆم و ئاسن.

دەرکەوتووە خواردنی سێو بەشدارە لە باشترکردنی تەندروستی دڵ لەڕێگەی دابەزاندنی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش (LDL)، بەشێکی هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەرزی ڕێژەی ڕیشاڵەکەی، توێژینەوەکانی تر باس لەوە دەکەن کە خواردنی چەند سێوێکی سەوز لە هەفتەیەکدا ڕەنگە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم کەمبکاتەوە.

هەروەها سێوی سەوز تەندروستی هەرس بەرەوپێش دەبات، بەو پێیەی پێکتینی تێدایە کە جۆرێکە لە ڕیشاڵ کە وەک پریبایۆتیک کاردەکات و یارمەتی گەشەکردنی بەکتریا سودبەخشەکان دەدات لە ڕیخۆڵەدا، پرۆسەی هەرسکردن ئاسان دەکات و نیشانەکانی تێکچوونی هەرسکردن کەمدەکاتەوە.

هەرچەندە سێوی سەوز هەڵبژاردەیەکی تەندروستە وەک بەشێک لە خۆراکی هاوسەنگ، بەڵام بەهۆی بەرزی شەکر و ڕێژەی کاربۆهیدراتی سروشتی پێویستە بە ڕێژەیەکی مامناوەند بخورێت.