پەیوەندی نێوان خۆراک و شێرپەنجەی سییەکان چییە؟

AM:09:10:15/05/2025

1656 جار خوێندراوەتەوە

زۆربەمان مەترسی شێرپەنجەی سییەکان دەبەستینەوە بە جگەرەکێشان یان پیسبوونی هەوا، بەڵام توێژەران پەیوەندییەکی سەرنجڕاکێشیان لە نێوان نەخۆشییەکە و کوالیتی خۆراکدا دۆزیوەتەوە.

بەپێی ماڵپەڕی "یو ئێس ئەی تودەی"، توێژەرانی زانکۆی فلۆریدا و زانکۆی کێنتاکیی بۆیان دەرکەوتووە کە مۆلیکولی گلایکۆجین کە گلوکۆزی شەکری سادە هەڵدەگرێت و ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان زیاد دەکەن.

دەرکەوتووە کە ئاستی گلایکۆجین لە نمونەی شانەکانی مرۆڤ لە شێرپەنجەی سییەکان زیاترە، کە ئەو جۆرە بەرپرسە لە سەدا ٤٠ی حاڵەتەکانی شێرپەنجەی سییەکان لە سەرانسەری جیهاندا.

لە توێژینەوەکەدا تاقیکردنەوەیان لەسەر مشک ئەنجامداوە، تیمەکە تێبینیان کردووە کە زیادکردنی گلایکۆجین یارمەتی شێرپەنجە دەدات خێراتر گەشە بکات، لەکاتێکدا کەمکردنەوەی گەشەی وەرەمەکە خاو دەکاتەوە.

هەرچەندە زۆربەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان بەهۆی جگەرەکێشانەوەیە، بەڵام هەموو جگەرەکێشەکان تووشی ئەم نەخۆشییە نابن، ئەمەش بە ئەگەرێکی زۆرەوە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە جینات و هۆکارەکانی دیکە ڕۆڵیان هەیە.

گلایکۆجین لەو کاربۆهیدراتانەی دەیخۆین سەرچاوە دەگرێت و سەرچاوەیەکی گرنگی وزەیە کە لە ماسولکەکاندا هەڵدەگیرێت، کە جەستە لە کاتی وەرزشکردندا بەکاریدەهێنێت، لە بنەڕەتدا جۆرێکی هەڵگیراوی گلوکۆزە کە دەستبەجێ بەکارناهێنرێت هەروەها گلیکۆجین زیاتر کۆدەبێتەوە لە ئەنجامی خۆراکی دەوڵەمەند بە چەوری و کاربۆهیدرات.

لەم لێکۆڵینەوەیەدا، ئەو مشکانەی کە ئەم جۆرە خۆراکەیان پێدرابوو ئاستی گەشەی شێرپەنجەی سییەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزتر نیشان داوە بە بەراورد بەو مشکانەی کە ئەو خۆراکانەیان نەخواردبوو.

نوسەری سەرەکی توێژینەوەکە ڕامۆن سەن دەڵێت " ستراتیژی خۆپاراستن لە شێرپەنجە دەبێت ئاوێنەیەکی سەرکەوتنی هەڵمەتەکانی دژە جگەرەکێشان بێت، لەگەڵ گرنگیدانی زیاتر بە هۆشیاری گشتی و ستراتیژییەکانی بنەمادار بە سیاسەت کە هاندەری هەڵبژاردنی خۆراکی تەندروستن وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان"

توێژینەوەکە جەختی لەوە کردەوە کە ڕەنگە بەم زووانە پێویست بکات شێرپەنجەی سییەکان بخەینە لیستی نەخۆشییە پەیوەندیدارەکانی خۆراکەوە.