حەوت نەخۆشی باو کە بەهۆی کەمی ڤیتامین C دروست دەبێت

PM:03:29:11/05/2025

15832 جار خوێندراوەتەوە

ڤیتامین سی یەکێکە لە گرنگترین پێکهاتەکان کە جەستە پێویستی پێیەتی، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە بەرەوپێشبردنی تەندروستی.

لە ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "Healthline"دا بڵاوکراوەتەوە، ڤیتامین سی یارمەتی چاکبوونەوەی برینەکان و بەرەنگاربوونەوەی هەوکردنەکان و دروستکردنی کۆلاجین دەدات کە پرۆتینێکە پاڵپشتی پێست و ئێسک و خوێنبەرە تەندروستەکان دەکات.

لێرەدا ئەو نەخۆشییە باوانە دەخەینەڕوو کە بەهۆی کەمی ئاستی ڤیتامین Cدروست دەبن:

١. خوێنبەربوونی پووک:

باوترین نەخۆشییە کە بەهۆی کەمی ڤیتامین سییەوە دروست دەبێت، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ڤیتامین سی پێویستە بۆ دروستبوونی کۆلاجینی بەهێز کە خوێنبەرەکان و شانەکان بە تەندروستی دەهێڵێتەوە.

٢. کەمخوێنی:

ڤیتامین سی یارمەتی جەستە دەدات بۆ هەڵمژینی ئاسن لە خۆراکدا، ئاسن پێویستە بۆ دروستبوونی خڕۆکە سوورەکانی خوێن کە ئۆکسجین هەڵدەگرن.

٣. درەنگ چاکبوونەوەی برینەکان:

ڤیتامین سی گرنگە بۆ بەرهەمهێنانی کۆلاجین کە یارمەتی چاکبوونەوەی برین دەدات، کاتێک ئاستی کەم دەبێتەوە، برینەکان زیاتر دەخایەنێت تا چاک دەبنەوە ئەمەش ئەگەری تووشبوون بە هەوکردن و ئاڵۆزییەکانی دیکە زیاد دەکات.

٤. هەوکردنی پووک:

کەمی ڤیتامین سی دەبێتە هۆی لاوازبوون ، هەوکردنی پووک، ئاوسانی و ئازار، پووکی تەندروست پێویستی بە ڤیتامین سی هەیە بۆ پاراستنی هێزی خۆی و بەرەنگاربوونەوەی بەکتریا.

٥. کێشەی جومگە و ئێسک:

کەمی ڤیتامین سی دەبێتە هۆی ئازار و ئاوسانی جومگەکان بەهۆی خوێنبەربوون لەناو جومگەکاندا. هەروەها کاریگەری لەسەر تەندروستی ئێسک دەبێت بە لاوازکردنی ئەو کۆلاجینەی کە پشتگیریان دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی پووکانەوەی ئێسک و شکانی ئێسک.

٦. کێشەی پێست:

دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی پێست و دروستبوونی پەڵەی پێست بەهۆی لاوازبوونی خوێنبەرەکانەوە.

٧. لاوازی سیستەمی بەرگری جەستە:

ڤیتامین سی دژە ئۆکسێنەرێکی بەهێزە و یارمەتی پاراستنی خانەکان دەدات و پاڵپشتی سیستەمی بەرگری جەستە دەکات، ئەو کەسانەی کەمی ڤیتامین سییان هەیە زیاتر تووشی نەخۆشی دەبن.