توێژینەوەیەکی زانستی نێودەوڵەتی ئاشکرایکردووە، بە تێکڕا
پیاوان نزیکەی مانگێکی تەواو زووتر لە خانمان عاشق دەبن.
ئادەم بۆدی پسپۆری دەروونی لە زانکۆی ئوسترالیا
دەڵێت " توێژینەوەکە ٣٣ وڵاتی جیاوازی لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوور و باشووری
ئەفریقای گرتووەتەوە، پشکنینی داتایان بۆ ٨٠٨ کەس کردووە، کە تەمەنیان لە ١٨ بۆ ٢٥ ساڵ بووە،
کە هەموویان خۆیان بە عاشق ناوبردووە"
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە، پیاوان خێراتر عاشق دەبن بەڵام
ژنان ئاستێکی بەرزتر لە دەربڕینی سۆزداری پیشان دەدەن و کاتێک لە پەیوەندی خۆشەویستیدا
دەبن زیاتر سەرنجیان لەسەر هاوبەشی ژیانیان دەبێت.
لە راپرسییەکەدا دەرکەوتووە پیاوان زیاتر ئاماژەیان بەوە
کردووە ئەو مامەڵە تایبەتەی ژنان بەرامبەریان دەیکەن زیاتر وادەکات زووتر عاشقیان
ببن، لە کاتێکدا خانمان باسیان لەوە کردووە شێوازی قسەکردن و رەفتاری باشی پیاوان
زیاتر هۆکارن بۆ ئەوەی عاشقیان ببن.
ئەمەش ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی پیاوان زووتر
عاشق دەبن لە کاتێکدا ژنان وریایی سۆزداری زیاتر دەپارێزن.
بەڵام ئەوەی لە توێژینەوەکەدا سەرنجڕاکێشە، دۆزینەوەی
کاریگەری هۆکارە کۆمەڵایەتییەکانە لەسەر ئەم دیاردەیە، تێبینی کرا کە ئەو کۆمەڵگایانەی
کە ئاستی یەکسانی رەگەزیان بەرزترە، کەمبوونەوەی ڕێژەی عاشقبوون و گومانیان بەخۆووە
بینیوە، ئەم دۆزینەوەش دەرگا بەڕووی تیۆرێکی نوێدا دەکاتەوە کە ئاستی یەکسانی
رەگەز ساردبوونەوەی هەستە ڕۆمانسیەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، ئەمەش ئەوە پیشان دەدات
کە خۆشەویستی تەنیا دیاردەیەکی بایۆلۆژی نییە، بەڵکو بەرهەمێکی ئاڵۆزە لە کارلێکی
نێوان هەستەکان و کاریگەرییە کولتوورییەکان دروست دەبێت.