مارێکی گەورە لەناو هۆتێلێک دەدۆزرێتەوە

PM:01:52:15/04/2025

17500 جار خوێندراوەتەوە

لە ڕووداوێکی ترسناکدا مارێکی گەورە کە درێژییەکەی نزیکەی ٤ مەتر دەبوو لەناو هۆتێلێک دۆزرایەوە.

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی " eremnews" مارێکی گەورە بووە جێگەی ترس و دڵەڕاوکێ لەلای کارمەندانی هۆتێلێک و دانیشتوانی نزیک شوێنەکە لە هیندستان.

شایەتحاڵەکان دەڵێن مارەکە هەوڵی دەدا بەسەر دیواری دەرەوەی هۆتێلەکەدا سەربکەوێت،دەستبەجێ دوو خۆبەخش کە لە بواری مامەڵەکردن لەگەڵ ماردا ڕاهێنرابوون گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە بۆ گرتنی مارەکە، جەماوەرێکی زۆر لە حاڵەتی دڵەڕاوکێدا کۆببوونەوە، تیمەکە بە وریاییەوە کاریان دەکرد بۆ ئەوەی بە سەلامەتی مارەکە بگرن بەبێ ئەوەی زیانیان پێبگات و ببێتە هۆی برینداربوونیان.

لە کۆتاییدا مارەکە ئازادکرا بۆ ناو دارستانێکی نزیک شوێنەکە ئەمەش کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە، هەندێک ستایشی بڕیارەکەیان کرد و وتیان کە لەگەڵ بەهاکانی پاراستنی ئاژەڵان یەکدەگرێتەوە، بەڵام پسپۆڕانی گیانلەبەرە کێوییەکان نیگەرانییەکانیان سەبارەت بە هێنانە ناوەوەی جۆرێکی نەناسراو بۆ ناو دارستانەکە دەربڕی، هۆشدارییان دا لەوەی ئەم جۆرە کارانە دەتوانن جۆراوجۆری بایۆلۆجی ناوخۆیی تێکبدەن یان مەترسی لەسەر گیانلەبەرە کێوییەکانی دیکە دروست بکەن.

تا ئێستا جۆر و سەرچاوەی وردی مارەکە پشتڕاست نەکراوەتەوە هەروەها بەرپرسانی ئاژەڵە کێوییەکانیش بەیاننامەیەکی فەرمییان بڵاونەکردووەتەوە، چاوەڕوان دەکرێت لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت.