گەلەئەستێرەی سێگۆشەی خولگەیی لە ئاسمانی ئەبوزەبی دەردەکەوێت

AM:10:12:05/10/2024

1080 جار خوێندراوەتەوە

روانگەیەکی فەلەکی وێنەی گەلەئەستێرەی سێگۆشە (M33)ی لە بیابانی ئەبوزەبیەوە گرتووە، کە گەلەئەستێرەیەکی خولگەییە دوو ملیۆن و ٧٠٠ هەزار ساڵی ڕووناکی لە ئێمەوە دوورە و دووەم نزیکترین گەلەئەستێرەی یەکگرتووە لە زەوییەوە.

محەمەد شەوکەت، بەڕێوەبەری ناوەندی نێودەوڵەتی فەلەکناسی، بە ماڵپەڕی "سبق"ی ڕاگەیاند " ئەم گەلەئەستێرە دوورترین تەنی ئاسمانییە و بە زەحمەت بە چاو لە شوێنێکی تەواو تاریکەوە دەبینرێت"

جێگەی باسە رووناکی ٦١ هەزار ساڵ دەخایەنێت تا لە سەرەتاوە تا کۆتایی گەلەئەستێرەکە ببڕێت و ٤٠ ملیار ئەستێرەی تێدایە.

ئەم گەلەئەستێرە بە سێیەم گەورەترین گەلەئەستێرە دادەنرێت لە گروپە ناوخۆییەکەماندا لە دوای گەلەئەستێرەی ڕێڕەوی شیری و گەلەئەستێرەی ئەندرۆمێدا.

محەمەد شەوکەت ئاماژەی بەوەشکرد " وێنەکە چەندین شوێنی بچووکی سووری تێدایە، کە بریتین لە هەوری چڕ لە گازی هایدرۆجین کە ئەستێرەی نوێ تێیدا دروست دەبن."