ئایفۆن ١٦ پرۆ ماکس باشترین تەمەنی پاتری هەیە لە مێژووی ئایفۆندا

PM:05:19:10/09/2024

6072 جار خوێندراوەتەوە

کۆمپانیای ئەپڵ رایگەیاند کە ئایفۆن ١٦ پڕۆ ماکس درێژترین تەمەنی پاتری هەیە لە مێژووی مۆبایلەکانی ئایفۆندا، بەو پێیەی ٣٣ کاتژمێری بەردەوام بۆ پەخشکردنی ڤیدیۆ دابین دەکات.

بەپێی زانیارییە فەرمییەکانی کۆمپانیاکە، هێزی مانەوەی پاتری ئایفۆن ١٦ پرۆ ماکس چوار کاتژمێر زیاد دەکات بە بەراورد بە ئایفۆن ١٥ پرۆ ماکس کە ٢٩ کاتژمێر مانەوەی پاتری پێشکەش دەکات لە کاتی پەخشکردنی ڤیدیۆدا، بەو پێیەش بە رێژەی ١٤٪ زیاد دەکات.

لە هەمان کاتدا هێزی پاتری ئایفۆن ١٦ـی پڕۆ بریتییە لە ٢٧ کاتژمێری بەردەوام بۆ پەخشکردنی ڤیدیۆ، لە کاتێکدا لە وەشانی پێشووی ئایفۆن ١٥ پرۆدا ٢٣ کاتژمێر بوو، کە بە رێژەی ١٧٪ زیادی کردووە.

ئەپڵ روونیشیکردەوە، کە ئەم پێشکەوتنە بەهۆی بوونی پاتری کاراتر و توانای گەورەترەوە بەدەست هاتووە، جگە لە دیزاینێکی نوێی ناوەکی و بەڕێوەبردنی کارەبای پێشکەوتوو لە سیستەمی کارپێکردنی نوێ iOS 18. هەروەها قەبارەی ئایفۆن 16 Pro Max بە شاشەی 6.9- 18 ئینج، کە گەورەترین شاشەیە لە مێژووی مۆبایلەکانی ئایفۆن.

ئەپڵ لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا پێشکەوتنی بەرچاوی لە تەمەنی پاتری ئایفۆنەکاندا بەدەستهێناوە، ئەمەش دوای رەخنەی توند و گلەیی لەلایەن بەکارهێنەرانی مۆبایلەکەیەوە.

جگە لە هێزی مانەوەی پاترییەکەی، ئایفۆن ١٦ پرۆ و ئایفۆن ١٦ پرۆ ماکس دوگمەی نوێی "Camera Control" یان هەیە، ئەمە جگە لە پڕۆسێسەری A18 Pro کە پشتگیری لە تایبەتمەندی زیرەکی دەستکرد دەکات، هەروەها باشترکردنی سیستەمی تۆمارکردنی ڤیدیۆ و تۆمارکردنی دەنگ.

کۆمپانیای ئەپڵ خێرایی بارگاویکردنەوەی بێ وایەری لە رێگەی تەکنەلۆجیای ماگسەیفەوە باشتر کردووە بۆ ئەوەی بگاتە ٢٥ وات لەکاتی بەکارهێنانی بارگاویکەرەوەی گونجاو بە هێزی ٣٠ وات ئەمەش رێگە دەدات پاترییەکە بە بێ وایەر لە مۆبایلەکانی ئایفۆن ١٦دا تا ٥٠٪ لە ماوەی ٣٠ خولەکدا بارگاوی بکرێتەوە.

H.Y