سەرۆکی شارەوانی پاسانگ لامو : لوتکەی ئەڤرێست بۆگەن دەکات

PM:03:40:09/02/2024

544 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی شارەوانی پاسانگ لامو رایگەیاند، ئەو کەسانەی سەردەکەونە سەر چیای ئەڤرێست، دەبێت پیسایی خۆیان پاک بکەنەوە و بیهێننەوە خوارەوەی چیاکە بۆ ئەوەی فڕێبدرێت، دەشڵێت، "بەهۆی پیساییەوە لوتکەکە بۆگەن دەکات".

ئەمڕۆ هەینی، مینگما شێرپا سەرۆکی شارەوانی گوندنشینی پاسانگ لامو بە میدیا جیهانییەکانی راگەیاند، لە چیای ئەڤرێست بۆنێکی ناخۆش بڵاوبووەتەوە بەهۆی ئەوەی ئەو کەسانەی سەر چیاکە دەکەون پاشەڕۆکانی خۆیان پاک ناکەنەوە و بە پیسی چیاکە جێدەهێڵن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی نزمی پلەی گەرماوە پیسایی و پاشەڕۆکان وەک خۆیان دەمێننەوە و تێک ناچن، بۆنی ناخۆش بڵاودەکەنەوە و ژینگەی چیاکە تێکدەدەن

دەشڵێت'' بە پێێ ئەو یاسا نوێیەی لەلایەن شارەوانییەکەیانەوە دانراوە، لەمەودوا ئەو کەسانەی بە مەبەستی شاخەوانی سەردانی چیای ئەڤرێست دەکەن، پێویستە پیسایی خۆیان پاکبکەنەوە و لە چیاکە بیهێننە خوارەوە.

لوتکەی ئەڤرێست دەکەوێتە سنووری چین–نیپاڵ ، بە بەرزترین لوتکە چیا لە جیهاندا دادەنرێت، دەکەوێتە ناوەڕاستی زنجیرە چیای هیمالایا، کە هەشت هەزار و ٨٤٨ مەتر بەرزە لە ئاستی رووی دەریاوە.

بەهۆی بەرزییەکەیەوە بووتە جێگەی ئەو کەسانەی سەرقاڵی شاخەوانین و ئەو کەسانەش کە ئارەزووی ئەنجامدانی سەرکێشین، بەو هۆیەشەوە ساڵانە لەسەرانسەری جیهانەوە هەزاران شاخەوان رووی لێدەکەن.

S.A