لە وڵاتی
مالیزیا و لە هەواڵێکی سەیردا، رەوە فیلێک دایان بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا لە رێگایەکی سەرەکی،
ئەویش دوای ئەوەی ئۆتۆمبێلەکە خۆی بە فیلێکی ساوای گروپەکەیاندا کێشابوو.
بەگوێرەی
راگەیەندراوێکی پۆلیسی شاری گێریک لە نیمچە دورگەی مالای کە "لوبنان٢٤"
بڵاویکردووەتەوە، پیاوێکی تەمەن ٤٨ ساڵ لەگەڵ هاوسەرەکەی و کوڕە تەمەن ٢٣ ساڵەکەی
ئۆتۆمبێلەکەیان لێخوڕیوە و بەهۆی خراپی کەشوهەواوە کە لەو کاتەدا باران و تەم بووە،
لەسەر رێگای خێرا بە لای چەپدا سوڕاوەتەوە و خۆی بە بەچکە فیلەکەدا کێشاوە.
سەرپەرشتیاری
سەرەکی پۆلیسی قەزای گێریک رایگەیاند "ئۆتۆمبێلەکە خۆی کێشاوە بە بەچکە فیلەکەدا
کە لەگەڵ رەوەکەدا لەسەر رێگاکە دەڕۆیشت و لەگەڵ بینینی ئەمە پێنج فیلەکەی تر بەپەلە
بەرەو ئۆتۆمبێلەکە رۆیشتن و هەڵیان کوتایە سەری".
ئاماژەی
بەوەشکرد، دوای ئەوەی ئەو بەچکە فیلە تووشی شۆک ببوو لە ئەنجامی رووداوەکە، رەوە فیلەکە
شوێنەکەیان بەجێهێشت، هەروەها لە ئەنجامی رووداوەکەدا هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدان
و برینداربوونی سەخت تۆمارنەکراوە.
ژینگەپارێزان
دەڵێن لە ئەنجامی گەشەسەندنی خێرای رێگاوبانەکان لە مالیزیا، فیلەکان لە سەرانسەری
نیمچە دوورگەکەدا بە شێوەیەکی بەرچاو دارستانەکانیان بەجێهێشتووە، ئەمەش وایکردووە
زۆرێکیان ناچاربن خۆیان بخەنە سەر رێگاکان بۆ دۆزینەوەی خۆراک.
H.Y