ئەپڵ بە هەڵە بە بەهای نزیکەی ١٠٠ هەزار دۆلار ئایفۆن بۆ بلۆگەرێکی تیکتۆک دەنێرێت

PM:03:48:03/11/2023

6688 جار خوێندراوەتەوە

داواکاری مۆبایلە زیرەکەکان بەسروشتی کارێکی بەپەلەیە، ئەمە وادەکات هەندێکجار مۆبایلێکی هەڵە بەدەستت بگات و ئەوە نەبێت کە تۆ داوات کردووە یان مۆبایلێک بە دەستت بگات کە کار ناکات و کێشەی تێدایە، هەر ئەمە زۆرجار وادەکات کەلوپەلێک بە دەستت بگات کە لەبنەڕەتدا بەشێک نییە لە داواکارییەکەو بە زیادە گەیشتووە بە دەستی تۆ لەگەڵ مۆبایلەکە، بەڵام بە دەگمەن روودەدات کە تۆ بایی ١٠٠ هەزار دۆلار ئایفۆن بگات بە دەستت لەکاتێکدا تەنها پارەی ٤ دانەیانت داوە.

هەرچۆنێک بێت بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی ''دیزێرتۆ'' ئەم حاڵەتە بەسەر چالاکێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتکۆک روویداوە، کە دوای ئەوەی سێ کارتۆن ئایفۆن ١٥ی پرۆ ماکسی بە دەست گەیشت کە ژمارەیان بریتیبوو لە ٦٠ دانە لەکاتێکدا ئەو پارەی تەنها ٤ دانەی لەو ئایفۆنانەی دابوو، بەو پێیەی تەنها داوای ٤ دانەی کردبوو، یەکێکیان بۆ خۆی کە قەبارەی یادگەکەی بریتیبێت لە ١ تێرابایت و سێ دانەیان کە قەبارەی یادگەکەیان ٢٥٦ گێگابایت بێت بۆ ستافی میدیاییەکەی.

ئەم بلۆگەرە ''legends-gio'' ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا کاردانەوەی خۆی دەردەبڕێت بەرامبەر ناردنی ٦٠ ئامێری ئایفۆن ١٥ لەلایەن کۆمپانیای ئەپڵەوە بۆی، لەکاتێکدا ئەم تەنها داوای ٤ دانەی کردووە، ئاماژەی بەوەشدا هەریەک لە ئامێرەکان قەبارەی یادگەی ١ تێرابایتیان هەیە و نرخی هەرکامێکیان ١٥٩٩ دۆلاری ئەمریکییە، کە ئەو ٦٠ دانەی بەدەست گەیشتووە و کۆی نرخی ئامێرەکان نزیک دەبێتەوە لە بڕی ١٠٠ هەزار دۆلار، کە جیاوازیەکی گەورەی هەیە لەگەڵ ئەو پارەیەی خۆی رەوانەی کردووە کە نزیکەی ٤٠٠٠ دۆلارە، بەڵام رەتیکردەوە کە ئامێرەکان دووبارە بگەڕێنێتەوە.

ئەگەر ئەوەی بلۆگەرەکە لەبارەیەوە دەدوێت راست بێت، ئەوە خۆشحاڵییەکەی لەبارەی ئەو رووداوە دەگمەنەوە زۆر ناخایەنێت، چونکە کۆمپانیای ئەپڵ توانای ناچالاککردنی هەر ئامێرێکی هەیە بە خواستی کۆمپانیاکە خۆی، هەر بۆیە لە حاڵەتێکدا ئەگەر بیهەوێت ئامێرەکان نەگەڕێنێتەوە، کۆمپانیاکە دەتوانێت کارێک بکات کە سوودیان لێنەبینێت

ئایفۆن ١٥ی پڕۆماکس لەئێستادا لە ئەمریکا دەتوانرێت لەڕێی ئۆنلاینەوە داوا بکرێت و لەماوەی ٣ هەفتەدا دەگات بە دەستی کڕیار، دەتوانرێت بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە فرۆشگا ئەلیکترۆنییەکانی ئەپڵەوە بەردەست بخرێت وەک ئامازۆن و بێست بای، ئەم ئامێرە نوێیەی ئایفۆن پێکهاتە دەرەکییەکەی بریتییە لە ماددەی تیتانیۆم کە ئەزموونێکی نوێی کۆمپانییاکەیە لە دروستکردنی بەرهەمەکانیدا.

H.Y