کۆبوونەوەی چەوری بەتایبەت
لە دەوری ورگ یەکێکە لە گرفتە باوەکان، جگە لەوەی دیمەنێکی ناشرین بە جەستە
دەبەخشێت مەترسیی توشبوون بە قۆڵۆن و گرفتەکانی گەدەی لێدەکەوێتەوە، بەڵام خواردنی
میوەی ئەڤۆکادۆ رێگری لە کۆبوونەوەی ئەو چەورییە دەگرێت.
رۆژنامەی ئێکسپرێسی
بەریتانی ئاماژەی بە توێژینەوەیەکی زانایانی زانکۆی ئیلینۆی بەریتانی کردووە،
دەکرێت رۆژانە خواردنی یەک ئەڤۆکادۆ ئەو چەورییە زیادەی لە جەستەدا هەیە بەتایبەت
لە دەوری ورگ لەناو ببات.
زانایان لە
توێژینەوەکەیاندا لێکۆڵینەوەیان لەسەر ١٠٥ کەس کردووە کە بەدەست قەڵەوی و زیادیی
کێشیانەوە دەناڵێنن، بۆ ماوەی ١٢ هەفتە چاودێرییان کردوون، نیمان خان پرۆفیسۆری
بەشداربوو لە توێژینەوەکەدا دەڵێت "گرنگیمان بە خواردنی میوەی ئەڤۆکادۆ داوە
بۆ تواندنەوەی چەوری کۆبووەوەی دەوری ورگ، دوو جۆر چەوری لە ورگدا هەیە یەکێکیان
لە ژێر پێستدا کۆدەبێتەوە، ئەوی تریان لە قوڵای ورگدا کۆبووەتەوە و بە ئەندامەکانی
جەستەوە نوساون، ئەڤۆکادۆ توانای تواندنەوەی هەردوو جۆرەکەی چەوری هەبووە".
زانایان
بەشداربووەکانیان کردووە بە دوو گروپەوە، گروپێکیان میوەی ئەڤۆکادۆیان پێداون
لەگەڵ سیستمی خۆراکی تەندروست، گروپی دووەمیش سیستمی خۆراکی تەندروستیان هەبووە
بەڵام رێگەیان پێ نەداون بۆ ماوەی ١٢ هەفتەکە ئەڤۆکادۆ بخۆن.
لە ئەنجامی
توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە گروپی یەکەم چەوری کۆبووەوەی ژێر پێستیان نەماوە و ئاستی
گلوکۆز لە خوێنیاندا هاوسەنگ بووە و ورگیان دابەزیوە، بەڵام کاردانەوەی گروپی
دووەم بەو جۆرە نەبووە.
زانایان
ئاشکرایانکردووە، کاریگەرییەکە لە رەگەزی مێ زیاتر دەرکەوتووە، چونکە هەروەک
دەزانرێت رەگەزیش رۆڵی خۆی هەیە لە وەرگرتنی ماددە خۆراکییەکان، لەهەمان کاتدا
وەرزشکردنی وەک رۆیشتن بەپێ و راکردن و پایسکیل لێخوڕین و سەرکەوتن بەسەر پلیکانەدا،
تواندنەوەی چەوری خێراتر دەکەن.
M.B