کۆنترین قورئان لە مێژوودا نوێکرایەوە

AM:10:57:29/09/2023

3236 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی دەستەی گشتی بۆ کتێبخانە و ئەرشیفی نیشتمانی لە میسر، وردەکارییەکانی نوێکردنەوەی قورئانی حیجازی ئاشکرا کرد کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی یەکەمی کۆچی ،کە بە کۆنترین قورئان لە جیهاندا دادەنرێت.

لە لێدوانێکیدا بۆ "سکای نیوز"ی عەرەبی، رایگەیاند، نوێکردنەوەکە لەلایەن تیمێکی کاراوە ئەنجامدراوە کە لە پێنج کەس پێکهاتبوون، و کارکردن لەسەری نزیکەی دوو ساڵی خایاندووە، چونکە لاپەڕەکان لەسەر پێستی مەڕ تۆمارکراون و بە وریاییەکی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە.

ئەو بەرپرسە میسرییە لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد قورئانی حیجازی کە دەکەوێتە کتێبخانە و ئەرشیفی نیشتمانی وڵاتەکەیان، یەکێکە لە کۆکراوە گرنگەکان کە ژمارەیان گەیشتووەتە ٥١ هەزار دەستنووس، دەکەوێتە مزگەوتی عەمر ئیبن العاس لە قاهیرە و چووەتە ناو ئەرشیفی نیشتمانی.

سەرۆکی دەستەی دار کوتوب لە میسر باسی لە رواڵەتی قورئانەکە کرد پێش نۆژەنکردنەوەی دەڵێت " لە ترسی دڕانی ئەو لاپەڕانەدا بووین بۆیە ناچار بووین زۆر ژیرانە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، بەو پێیەی پەرەکانی زۆر نەرمببونەوە، دواتر رێکخستنمان بۆ کرد کە هاوتەریب بێت لەگەڵ فۆڕمی قبوڵکراوی ئێستای قورئاندا، پاشان لێکۆڵینەوە و تەکنیکیەکەمان بۆ ئەنجامدا".

هەروەها باسیشی لەوە کرد قورئانە نوێکراوەکە بە رێنووسێک نووسراوە کە لای پسپۆڕان بە رێنووسی مدانی یان حیجازی ناسراوە، کە لە سەرەتای ئیسلامەوە تا سەردەمی ئومەوی بەکارهاتووە، لە رووی رواڵەتەوە کۆنترە لە رێنووسی کوفی.

شایەنی باسە ئەم قورئانە مێژووەکەی بۆ سەردەمی سەرەتای ئیسلام دەگەڕێتەوە، بەو پێیەی کۆنترین و دەگمەنترین لەبەرگیراوەی قورئانە کە لە سەرانسەری جیهاندا دۆزرابێتەوە.
A.A