زاناکان ماددەیەکی مەترسیدار لەناو هەورەکاندا دەدۆزنەوە کە توانای گۆڕینی کەشوهەوای هەیە

PM:10:38:28/09/2023

768 جار خوێندراوەتەوە

توێژەران لە ژاپۆن پشتڕاستیان کردەوە کە تەنۆلکەی مایکرۆپلاستیکییان لە هەورەکاندا دۆزیوەتەوە، هەروەها دەڵێن بوونی ئەو ماددانە توانای گۆڕینی کەشوهەوای هەیە، ئەویش بەشێوەیەک کە هێشتا بە تەواوی نەزانراوە.

زاناکانی ژاپۆن چوونە سەر چیای فوجی و ئاویاما بۆ کۆکردنەوەی ئاوی باران کە لە هەورەکانی دەوروبەری لوتکەکانیانەوە دێنە خوارێ، توێژینەوەکەش لە گۆڤاری "Environmental Chemistry Letters" بڵاوکراوەتەوە.

هێرۆشی ئۆکۆشی، نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "ئەگەر بە شێوەیەکی چالاکانە چارەسەری کێشەی پیسبوونی هەوای پلاستیکی نەکەین، گۆڕانکاری لە کەشوهەوا و مەترسییەکانی ژینگە رەنگە ببنە زیانێکی ژینگەیی راستەقینە و گەڕانەوەش ئەستەم بێت".

هەروەها ئەوەشی روونکردەوە، کاتێک مایکرۆپلاستیکەکان شی دەبنەوە، بڕێکی زۆر لە گاز ئازاد دەکەن و بەشدار دەبن لە گۆڕانی کەشوهەوا کاتێک دەگەنە بەشی سەرەوەی بەرگەهەوا.

مایکرۆپلاستیکەکان، بە تەنۆلکەی بچووکتر لە پێنج میلیمەتر پێناسە دەکرێن کە لە پاشماوەی پیشەسازی، قوماش و تایەی ئۆتۆمبێلەوە دروست دەبن، هێشتا شێوازی گواستنەوەی ئەم تەنۆلکانە بۆ بەرگەهەوا تاڕادەیەک نادیارە و تەنها لێکۆڵینەوەیەکی کەم لەبەردەستدایە لەسەر چۆنیەتی گواستنەوەیان بۆ ناو بەرگەهەوا.

M.B