روپێرت مەردۆکی بەڕێوەبەر
و دامەزرێنەری یەکێک لە کاریگەرترین کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی میدیایی
لە جیهاندا، رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند کە دەستی لە پۆستی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی "فۆکس
کۆرپرەیشن و نیوز کۆرپرەیشن" کێشاوەتەوە.
لەلێدوانێکدا کە بۆ کارمەندەکانی ناردووە و ماڵپەڕی
"سی ئێن ئێن" بڵاوکردووەتەوە، روپێرت رایگەیاند "بە درێژایی ژیانی
پیشەییم، هەموو رۆژێک سەرقاڵی هەواڵ و بیرۆکە بووم، بەڵام ئێستا کاتی گونجاوە بۆ ئەوەی
کارێکی جیاواز بگرمە ئەستۆ، باوەڕم هەیە کە تیمێکی بەتوانامان هەیە و دەتوانن
باشتر بەردەوام بن".
لە ژیانی پیشەییدا توانیویەتی سەرپەرشتی چەندین رۆژنامە
و دەزگای میدیایی بکات، وەک "رۆژنامەی واڵ ستریت، بی سکای بی، زە سەن، تایمز،
دەیلی تەلەگراف، کۆمپانیای سێنتری فۆکس و چەندین دەزگای تریش".
هەروەها ئەوەش ئاشكراکراوە، کە لەجێگەی خۆی "لاکلان
مەردۆک"ـی کوڕی دەبێتە بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەی.
کێیس روپێرت مەردۆک، لە ساڵی ١٩٣١ لە مێلبۆرنی وڵاتی
ئوسترالیا لەدایکبووە، لە ساڵی ١٩٥٢ـەوە دەستی بەکاری رۆژنامەنووسی کردووە و لە
جێگەی باوکی بووەتە بەڕێوەبەری رۆژنامەی "زە نیوس"ـی ئوسترالی، لە ژیانی
پیشەییدا کۆمپانیاکەی سەرپەرشتی بۆ ٨٠٠ رۆژنامە و دەزگای میدیایی و کۆمپانیای
بەرهەمهێنان کردووە، سامانەکەی بە پێنج ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
M.B